راپۆرت و چاوپێکەوتن

سه‌ربارى ناڕه‌زاییه‌كان بڕینى به‌شێكى دیكه‌ى گۆیژه‌ ده‌ستى پێكرد

16/11/2024

ده‌نگوباس:

سه‌ربارى به‌رده‌وامیى هەڵمەته‌كانى ڕووبەڕووبوونەوەی شێواندنی چیای گۆیژەو ئەزمەڕ، به‌ڵام كۆمپانیاكانى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌لایه‌كى دیكه‌ى چیاى گۆیژه‌وه‌ ده‌ستیان به‌له‌ناوبردنى چیاكه‌ كردووه‌و بڕینى شاخه‌كه‌ ده‌ستى پێكردووه‌.


بەدەیان هاووڵاتی لەماوه‌كانى ڕابردوودا لەسۆسیال میدیاو میدیا ئەلکترۆنیه‌كانه‌وه‌ دژی ئەو شێواندنەی له‌ئه‌زمه‌ڕو گۆیژه‌ ده‌ستی پێكراوه‌ لەلایەن چەند کۆمپانیایەكى یه‌كێتییه‌وه‌ بەڕەزامەندی شارەوانی سلێمانی، ده‌ستیان به‌ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى كردووه‌.

ڕۆشنبیرانى هه‌رێم ڕه‌خنه‌ له‌پارتى‌و یه‌كێتیى ده‌گرن‌و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەو داهاتەی ڕۆژانە ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ناوى حكوومه‌ته‌وه‌ كۆى ده‌كه‌نه‌وه‌ن لەڕێگەی باج‌و وه‌رگرتنى سه‌رانه‌وه‌ ناتوانێت دووکیلۆمەتر ڕێگای پێ چاک بکات، به‌ڵام دێن‌و گردو شاخ‌و سرووشتەکەی سلێمانی ده‌شێوێنن‌و له‌ناوى ده‌به‌ن.



هه‌روه‌ك ناڕه‌زاییه‌كان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، تاوان دژی ژینگە، تاوانە دژی مرۆڤایەتی‌و هەموو بونەوەرەکانی سەرزەوی، مرۆڤ ئەگەر جێگری خودابێت لەسەر زەوی، نابێ ئاوا جەستەی دایکی برینداربکات، ئه‌وان پێیانوایه‌، گۆیژە دەبوو بەگوڵ‌و دارستان بڕازێنرێتەوە نەک بەخەنجەر جەستەی ئاوا هەڵدڕن‌و شەڵاڵی خوێنى بكه‌ن.

شەماڵ کابان وه‌كو پێشمەرگەیه‌كى دێرین پێشتر ڕه‌خنه‌ى تووندى له‌به‌رپرسى یه‌كێتیى گرتووه‌و ده‌ڵێت:"ئێوە‌ن دوژمنی ئە‌مشارە‌، ئێوە‌ چیتان لە‌مشارە دە‌وێت، كاولتان كرد، تاڵانتان كرد، داروپە‌ردویتان ڕووخان، ھە‌رچی زە‌وی‌و زارە‌ لە‌سە‌ر خۆتان‌و ماڵ‌و منداڵ‌و كە‌سوكارتان تاپۆتان كرد، شارتان لە‌شاری ڕۆشنبیریە‌وە‌ كردە‌ شارێكی بێ خوێندنگه‌و ڕۆشنبیریی".

سه‌ربارى گله‌یی گازنده‌كانى ڕۆشنبیران‌و كه‌سایه‌تییه‌كانى شار، کۆمپانیاکانی یەکێتیی لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ دەستیان بەلەناوبردنی چیای گۆیژە کردووەو به‌ناوى پڕۆژه‌ى بەرزاییەکانی قەیوان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شه‌وى ڕابردوو فاخیر شێخ ته‌یب خاوه‌نى گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان بۆ كه‌ناڵى ئاسمانى زووم قسه‌یكردو ڕایگه‌یاند، "ئەو شوێنەی پڕۆژەکه‌ى كۆمپانیاكه‌ى ئێمه‌ى لێدەکرێت لەشاخی گۆیژە خەسڵەتی ژینگەیی نییە، هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌شى وه‌رمانگرتوون، مۆڵه‌تى فه‌رمى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌یه‌".

خاوه‌نى گرووپى كۆمپانیاكانى قه‌یوان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "وه‌كو كۆمپانیایه‌كى وه‌به‌رهێنان له‌سلێمانى له‌چوارچێوه‌ى یاسا كارپێكراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم كارده‌كه‌ین، هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ى ئێمه‌ وه‌رمانگرتوون، به‌شێوه‌یه‌كى زۆر یاسایی وه‌رگیراون‌و مۆڵه‌تى له‌ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێم وه‌رگرتووه‌".

باسى شاخى گۆیژه‌ش ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى له‌گۆیژه‌ ئێمه‌ كارى تێداده‌كه‌ین، قسه‌و باسمان زۆر گوێ لێ بووه‌، منیش پرسیارێك ده‌كه‌م‌و ده‌ڵێم، ئه‌و به‌شه‌ى ئێمه‌ پڕۆژه‌كه‌ى تێدا جێبه‌جێده‌كه‌ین‌و به‌شێكیشى كراوه‌، ئێستا ژینگه‌یه‌ یان ئه‌وه‌ى پێشتر، ئه‌و شاخه‌ كه‌ چڵه‌ دارێكى پێوه‌ نییه‌و هیچ شتێكى تێدا ناژى".

ئه‌وه‌شى وت:"هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنى وه‌رزى به‌هارو هاتنى هاویندا، جارى وا هه‌یه‌ له‌به‌ر خاترى دوو شیش كه‌باب 500 دۆنم زه‌وى له‌گۆیژه‌ سووتاوه‌، به‌ڵام هیچ ساڵێك به‌رزاییه‌كانى سلێمانى گڕناگرێت".


#سلێمانی