دهنگوباس:
سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە سیستەمێکی دڵنیاییە بۆ هەر پێشمەرگەیەک تووشی نەخۆشی دەبێتو پێویستیی بەچارەکردنی تەندرووستی یان نەشتەرگەریی دەبێت، لەنەخۆشخانە حکوومییو تایبەتەکان چارەی بۆ دابیندەکرێتو 70%ی خەرجییەکانی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.
د. ڕەزا ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتیی پێشمەرگە بۆ فەرمانگەی میدیاو زانیاریی قسهیكردووهو وتوویهتى:"هەر پێشمەرگەیەک دەتوانێت لەڕێگەی سیستەمەکەوە نووسراوێکی ڕاستەوخۆ بکات، پاشان لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە چۆن لەنەخۆشخانە تایبەتو حکومەتییەکان تیماربکرێت".
د. ڕەزا ئیسماعیل ئهوهشى وتووه، "ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لەڕێگەی سیستەمی بیمەی تەندروستییەوە بەشێک لەچارەکانیان وەردەگرنو هەر پێشمەرگەیەک ڕێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەکردن تاوهکو ڕێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەکرێت".
سهبارهت بهو پێشمەرگانەش كە ڕێگەپێدانیان نییە، وتی:"ئەو پێشمەرگانەی بەهەر هۆیەک ڕێگەپێدانیان نەبێت، لەڕێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێتو تاوهکو 25% گەڕانەوەی خەرجی چارەکردنەكەی بۆ دەکرێت".
سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خزمەتكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگەیەو لەداهاتوویەکی نزیکیشدا خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر دەکرێت، کە جگە لەخودی پێشمەرگەکە، خێزانەکەشی دەتوانێت لەو خزمەتگوزارییە سوودمەندبێت.
#پێشمەرگە