رۆژهەڵاتی ناوەراست

به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌مریكا بڕیارێك له‌پێشمه‌رگه‌ ده‌دات

17/08/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى هه‌واڵى گۆڤارێكى ئه‌مریكى، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، ئیداره‌ى جۆ بایدن بڕیارێك له‌باره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌دات، گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت:"ئەمریکا به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا، هێزەکانی پێشمەرگە پڕ چه‌ك ده‌كات".


گۆڤاری فۆرێبسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بێ گەڕانەوەی بۆ بەغدا، هێزەکانی پێشمەرگە پڕ چەک دەکات.

گۆڤارەکە باس لەوەشدەکات، ئەمریکا جگە لەتۆپی دوورهاوێژو چەندینجۆر چەک‌و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تایبەتی سەربازیی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشکەش بەهێزەکانی پێشمەرگە دەکات.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەچاوپێکەوتنێکی مەسرور بارزانی کردووە کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی دا کردوویەتی‌و دووپاتیکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان بۆ بەرگریکردن لەخۆی پێویستی بەوە هەیە هێزەکانی پێشمەرگە بەچەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن.

ڕۆژی 14ی ئابی 2024 ساموێل وۆربێرگ وتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

لەکۆی زیاتر لە 180 هەزار پێشمەرگە کە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن؛ 44 هەزاریان لەچوارچێوەی 15 لیوای هاوبەش لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکخراونەتەوە، ئەمریکاش مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار (25 ملیار دینار) بۆ مووچەی ئەو 44 هەزار پێشمەرگەیە خەرجدەکات.


#باشووری کوردستان
#پێشمەرگە