کوردستان

ڕۆژنامەی عەرەب: دروشمی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی كە یەكێتی بەرزی كردبوەوە كەوت

22/10/2024

دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی عەرەبی دەڵێت، ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەریخست، پارتی دیموكراتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، پێش ركاربەرەکانی كەوتووە، لە بەدەستهێنانی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان.


ڕۆژنامەی عەرەب لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، پارتی پارێزگاری لە پێگەی سەردایەتیكردنی دەسەڵات دەكات لە هەرێم و رێگە دەگرێت لە دروشمی گۆڕینی رێڕەوەی حكومڕانی، كە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردن ركابەری یەكەمی، کە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، بەرزی كردبووەوە.

باس لەوەشکراوە، نەوەی نوێ‌ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، وەك هێزی سێیەمی ركابەری هەردوو حزبی باڵا دەست پارتی و یەكێتی، خۆی چەسپاند.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەنجامەكان پاشەكشێی گەورەو نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕانیشی چەسپاند، كە پێگەی ساڵانی رابردوی لەدەستدا، دوای ئەوەی حزبەكەی تاڵەبانی تێپەڕاند، كە رابەڕی كۆچكردوو نەوشیروان متسەفا لێی جیابوەوە، بازیدابوو بۆ پێگەی هێزی دووەم لە هەرێمی كوردستان.

ڕۆژنامەی عەرەب ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دەگەیەنێت، كە هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە دۆخی سیاسی هەرێم رونادات".