رۆژهەڵاتی ناوەراست

هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق ئەگەرێکی کراوەیە

22/10/2024

دەنگوباس
هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەمەترسییەکانی ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، عەقیل ڕوداینی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندوە، گرژییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتونەتە قۆناغێکی مەترسیدارو عێراقیش لەلێکەوتەکانی ئەو گرژیانە بەدورنییە، بەوپێیەی گروپەکانی مقاوەمە گورز لەقوڵایی خاکی ئیسرائیل دەوەشێنن‌و ئەو وڵاتەش هێزی لەڕادەبەدەر لەدژی نەیارەکانی لەفەڵەستین‌و لوبنان‌و جێگاکانی تر بەکاردەهێنێت.

هەروەک دەڵێت:"هۆشداریی بەحکومەتی عێراق دراوە کە ئەگەر ئەو هێرشانە دژ بەئیسرائیل بەردەوامبێت ئەوە ڕەنگە ئەو وڵاتە وەڵامی سەرچاوەکانی هێرشەکان بداتەوە، ئەمەش نیگەرانیی دروستدەکات لەبەئامانجگرتنی سەکۆکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ئەمەش ئابوریی وڵاتەکە بەگشتیی دەخاتە مەترسییەوە، بەوپێیەی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بەگشتیی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت.

ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بەوەکردوە، عێراق پارێزگاریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرگریکردن لەو دامەزراوانە، ئەمەش ناسکی دۆخەکە زیاتر دەکات، لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی شەڕی فەڵەستین‌و لوبنان، هۆشداریشیداوە لەئەگەری فراوانبونی ململانێکان بۆ ناوچەکانی دیکەو عێراقیش لەوانەیە بەشێک بێت لەم قەیرانە.