جیهان

وادەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئاشکرابوو

21/10/2024

دەنگوباس
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی وادەی هێرشی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران ئاشکراکردووە و دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە.


رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتى ئیسرائیلى لە سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوى خۆیەوە لەنێو حکومەتەکەى نەتانیاهۆوە بڵاویکردووەتەوە، لە چەند رۆژى ئایندەدا ئیسرائیل هێرشەکەى بۆ سەر ئێران ئەنجامدەدات و هەموو ئامادەکارییەکانى ئەو بابەتەی تەواوکردووە.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، هەموو ئەو داوا نێودەوڵەتییانە پشتگوێخراون کە داواى کەمکردنەوە یان گۆڕینى ئامانجەکان دەکەن.

سەرچاوەکە باسى لەوەشکردووە کە ئیسرائیل داواى لە جۆ بایدنى سەرۆکی ئەمریکا کردووە سەکۆی زیاترى -موشەکەى ساد- یان بداتێ بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان لە هەر هێرشێک بپارێزن کە بکرێتە سەریان، چوونکە پێیانوایە لە کاتى هێرشەکەدا دوور نییە ئێرانیش وەڵامبداتەوە، بۆیە دەبێت ئامادەکاریی تەواوبکەن.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، هێرشەکەى ئیسرائیل تەنها لە هێرشى ئاسمانیدا قەتیس نابێت، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە هیچ وردەکارییەکى دیکە بکات، رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردووەتەوە هەرچەندە وەزیری دەرەوەى ئەمریکا ویستویەتى رێگریی لە هێرشى ئیسرائیل بکات بۆ سەر ئێران، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە، سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە هێرشەکە ناکەوێتە پێش سێ شەممەوە.