دەنگوباس
لە دوای کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پارت و لیستەکان هاوشان لەگەڵ هاووڵاتیاندا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە بنکەی مەشخەڵان دەنگی دا و، پەیامێکیشی ئاڕاستەی دەنگدەران کرد، لە پەیامەکەیدا لاهور شێخ جەنگی داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەمڕۆ وەک جەژن ببینن.
لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست دەکات.
بەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنەکە، هەرێم بە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش کراوە، پارێزگای سلێمانی 38 کورسی بۆ تەرخانکراوە کە دوو کورسیان بۆ پێکھاتەکانە؛ یەک بۆ تورکمان و یەک بۆ کریستیان.
لاهور شێخ جەنگی وتیشی، ئەندامانی بەرەی گەل بەردەوام لە نزیک بنکەکانی دەنگدان بوونیان دەبێت، بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و ساختەکاریی.