کوردستان

کۆمسیۆن: هەرکەسێک کارتی دەنگدان وەرنەگرێتەوە کارتەکەی دەنێردرێتەوە بۆ بەغدا

15/10/2024

دەنگوباس
بەڕێوەبەرى نووسینگەی دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، هەر کەسێك کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەرنەگرێتەوە، کارتەکەی دەنێردرێتەوە بۆ بەغدا.

خالید عەباس، بەڕێوەبەرى نووسینگەی دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ کاتژمێر 03:00 دوایین وادەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانە، ئەو کارتانەی ئەمڕۆ وەرناگیرێنەوە، دەنێردرێنەوە نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا."
 
وتیشی، "رێکارە ئەمنییەکان دەستیان پێکردووە و دەست بە گواستنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدانیش دەکەین، کارمەندەکانمان ئامادەن و پرۆسەی راهێنانمان تەواو بووە."
 
خالید عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەک بەربژێر بەهۆی سەرپێچی و پێشێلکردنی یاساکانی کۆمسیۆن و شارەوانییەوە سزا دراون، چەند کەسێکیش بەتۆمەتی دڕاندنی پۆستەرەکانەوە دەستگیرکراون و هەندێک ئۆتۆمبێلیش بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دەستیان بەسەردا گیراوە."