کوردستان

"تەقینەوەکەی بەکرەجۆ" پەیوەندی بە پۆڵۆ عەسکەرییەوە هەبوو؟

14/06/2024

دەنگوباس
دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەبارەی "تەقینەوەکە"ی ناوچەی بەکرەجۆ بێدەنگن و بەرپرسی هەواڵگری پێشمەرگەش لە هێزەکانی 70ی یەکێتی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت سەلامەتم، بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر بدات.

دوێنێ شەو دەنگێکی بەهێز لە نزیک گوندی عەزیزاوا، سەر بە ناوچەی بەکرەجۆی سلێمانی بیسترا، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتووەتەخوارەوە، بەڵام تا ئێستا (کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی هەینی) وا نزیکەی 15 کاتژمێر بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕ دەبێت و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
دوێنێ شەو ژمارەیەک شایەتحاڵ بۆ کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" قسەیان کرد و بیستنی دەنگەبەرزەکەیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام وتیان هێزەکانی ئاسایش چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هیچیان نەدۆزیەوە.
دوای ڕووداوەکەش پۆڵو عەلی عەسکەری، بەرپرسی هەواڵگری پێشمەرگە کە باخێکی لە عەزیزئاوا هەیە پەیامێکی لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و باسی لە "درۆن" کرد و نووسیویەتی: "زۆر سوپاسی هەواڵپرسین و خەمخۆریتان دەکەم هاوڕێیان، دڵنیابن یەکەم پشتم بە خوای گەورە بەستووە، دووەم بە خزمە دڵسۆزەکانی قەڵا سێوکە و سەرگەڵو و بەرگەڵو، ئەو خەڵکە دڵسۆزەی کەڕۆژێک لە ڕۆژان توانیومە خزمەتیان بکەم، دڵنیابن نەك درۆن هیچ شتێک پاشگەزمان ناکاتەوە لە خزمەتکردن".
تا ئێستا ئەو بابەتە بە تەمومژاوی ماوەتەوە و نە دەزگا ئەمنییەکان قسە دەکەن و نە پۆڵۆ عەسکەریش پەیوەندی خۆی بە ڕووداوەکە و هۆکاری ناوهێنانی درۆنی ئاشکرا کردووە.
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#باشووری کوردستان