کوردستان

میدیای یەکێتی: هیچ تەوەرێکی گرنگ نییە ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەیەوە کۆببێتەوە

18/09/2024

دەنگوباس
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەى ئەم هەفتەیەى ئەنجوومەنى وەزیران ناکرێت، دوو سەرچاوەش هۆکارەکەى بۆ نەبوونى هیچ تەوەرێکى گرنگ و سەرقاڵى مەسرور بارزانى دەگەڕێننەوە.


بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان هەفتانە لە رۆژى چوارشەممە کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى دەکات، پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بخاتەڕوو، بە میدیای یەکێتی وت "ئەمڕۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران ناکرێت".

دوو سەرچاوە لە ئەنجوومەنى وەزیران، لەمبارەیەوە قسەیان بۆ میدیای یەکێتی کردو کۆنەبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانیان بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، یەکەمیان نەبوونى هیچ تەوەرێکى گرنگ و دووەمیشیان سەرقاڵى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت گەڕاندەوە، کە پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى شێرپەنجەى لە هەولێر دانا.

لە رۆژى دووشەممەى رابردووەوە سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرجەم وەزیرەکانى ئاگادارکردووەتەوە، کە کۆبونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ ئەم هەفتەیە ناکرێت.

لە کۆبوونەوەى هەفتەى رابردوودا ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریدا لیستى راستکراوەى مووچە رەوانەى بەغداد بکات و داواى ناردنى تەواوکاریى مووچە راگیراوەکان و مووچەى مانگى ئەیلولیشى کرد.

تاوەکو ئێستا مووچەى مانگى ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشنەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنى دیارینەکراوە.