ده‌نگوباس:
دوێنێ سێشەممە، لەیەککاتتدا ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵا لەلوبنان تەقینەوە، بەهۆیەوه 11 كه‌س کوژران کە منداڵێک لەنێویاندا هەبوو، دوو هه‌زارو 800 کەسی دیکەش برینداربوون كه 400یان برینه‌كانیان سه‌خته، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکانی دەستی ئەندامانی حزبوڵڵا، سێ کەس کوژران‌و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.
ڕۆژى چوارشەممە 18ی ئەیلوولی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بەدەست ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانیەوەیە، تەقیونەتەوە، تائێستا بەهۆیە سێ کەس کوژراون‌و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن.
دوێنێ 17ی ئەیلوولی 2024، له‌چه‌ند ناوچه‌یەکی لوبنان، ئامێرە بێتەلەکانی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵای ئەو وڵاتە لەیەککاتتداو پێکەوە تەقینەوەو به‌هۆیه‌وه دەیان ئەندامی ئەو حزبە برینداربوون، جگە لەنۆ کوژراویش، لەگەڵ ڕووداوی تەقینەوەکان نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و وڵاته داوای فریاگوزاری خێرا‌و به‌په‌لەیان کرد.
هەر زوو دوای ڕووداوی تەقینەوەکان، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگه‌یاند، "هه‌واڵگریی ئیسرائیل توانیویه‌تی دزەبکاتە ناو ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانیان".
لەپاڵ ئەویشدا ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ئاماژەی بەوەکرد، هه‌واڵگریی ئیسرائیل دزەیکردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "په‌یجه‌ر"ی ئه‌ندامانی حزبوڵڵا كه ئامێرێكی بچووكه‌و بۆ په‌یوه‌ندیی به‌كاردێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێره‌كانیش دەیان ئەندامی حزبوڵڵا برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی ڕاگەیاندو داوای فریاگوزاریی خێرا‌و بەپەلەی کرد.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوەی تەواوی ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەر لەلوبنان، ئاژانسی هه‌واڵی میهری ئێران بڵاویكرده‌وه، موجته‌با ئه‌مانی باڵیۆزی ئێران له‌لوبنان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێری په‌یوه‌ندیكردنه‌وه كه له‌جۆری "په‌یجه‌ر" بووه، برینداربووه.
سه‌رچاوه‌كان له‌حكوومه‌ت لوبنانیش ئاشکرایانکرد، هەرزوو دوای تەقینەوەکان، نه‌جیب میقاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان داوای له‌وه‌زیری ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌ی كردووه كۆبوونه‌وه‌و دانیشتنه‌كانی حكوومه‌ت به‌جێبهێڵێت‌و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ پێشهاته ئه‌منییه‌كان ئاماده‌بكات.
سێشه‌ممه، 17ی ئه‌یلوولی 2024، لەسەروبەندی ڕووداوی تەقینەوەکان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا جه‌ختیکردەوە، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی لوبنانه‌وه نییه.
له‌لای خۆیه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه ڕاگه‌یاند، به‌هه‌مانشێوه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ی كرد.
ئاژانسی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی نووسیویه‌تى:"بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، ئیسرائیل پێشوەختە ئیدارەی بایدنی لەئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکە ئاگادارنەکردووەتەوە کە هێرشی کردووەتەسەر ئامێرەکانی پەیوەندیی پەیجەر لەلوبنان".
هاوكات محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران ڕۆژی سێشەممە فەرمانیدا تیمی پزیشکی عێراقی‌و تیمەکانی فریاکەوتن بنێرن بۆ لوبنان بۆ ئەوەی یارمەتی بەپەلە پێشکەشبکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری بریندارانی هاوڵاتیانی بێ‌تاوان.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقینەوەکانی لوبنان، حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند، ئامادەن چەکدارەکانیان بنێرنە لوبنان، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتەسەر حزبوڵڵای لوبنانیەوە بەتەقاندنەوەی سەدان ئامێری پەیوەندیی.
حزبوڵڵای لوبنانی دەستی بەلێکۆڵینەوەکانی کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو لاوازییەی کە بووە هۆی ئەم دزەکردن بۆ نێو ئامێرە بێتەلانی پەیجەر، ئەندام‌و بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن، "بارێکی نوێی ئەو ئامێرانەیان لەکۆمپانیایەکی تایوانی وەریگرتووە کە چەند مانگێک لەمەوبەر گەیشتووەتە دەست ئەندامان‌و سەرکردەکان‌و پاسەوانی بەرپرسانی حزبوڵڵا".
ئاماژە بەوەشدەکەن، لەوەتەی ئامێرەکانیان گەیشتووەتە دەست، گلەییان لەوە هەبوو کێشە لەپاتریی پەیجەرەکان هەیەو جەختیان لەوەکردووەتەوە، زۆر بەخێرایی توانای پاترییەکان دادەبەزێت‌و تەواو دەبێت، هاوکات لەیەککاتدا دوو پەیام وەرناگرێت، دەشڵێن:"حزبوڵڵا بەنیاز بووە پەیوەندیی بەکۆمپانیای دروستکەرەوە بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئامێرانەو بەئامێری دیکە بۆیان بگۆڕنەوە، بەڵام خێراتر لەوەی چاوەڕێیان دەکرد ئامێرەکان تەقیینەوە".
تائێستا، لێکۆڵینەوەکانی ئەو حزبە ئاشکرایکردووە کە ئامێری بێتەلی پەیجەرەکان تەقەمەنییەکیان تێدایە کە بەسەر پارچەکانی ئامێرەکەدا بڵاوبوونەتەوەو لەلایەن سکانەرەکەیانەوە هەڵنەگیراون.
سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی لوبنانی ئاشکرایکردووە کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) چەند مانگێک پێش تەقینەوەکانی ڕۆژی سێشەممە، تەقەمەنی لەناو پێنج هەزار ئامێری پەیوەندی ڕادیۆیی چاندووە، سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن:"ئامێرەکانی پەیجەر لەلایەن کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ کە بنکە لەتایوانە بەرهەم دەهێنرێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە پێشتر ڕوونیکردووه‌تەوە کە ئەو ئامێرانەی تەقیوەتەوە لەلایەن PAC لەبوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەرهەمهێنراون.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایانکردووە کە ئامادەکردنی پلانەکە چەند مانگێکی خایاندووە، سەرچاوە ئەمنیەکە وتی:"حزبوڵڵا داوای پێنج هەزار ئامێری پەیوەندیکردووە کە لەسەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە ئەو وڵاتە".
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئامێرانە لەقۆناغی بەرهەمهێناندا لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە دەستکاریکراون.
دەشڵێن:"مۆساد تابلۆیەکی لەناو پەیجەرەکەدا داناوە کە تەقەمەنیی تێدایە، ئامێرەکە کۆدێکی پێگەیشتووە زۆر زەحمەتە بەهیچ شێوەیەک بدۆزرێتەوە، تەنانەت بەبەکارهێنانی هەر ئامێرێک یان سکانەرێک".
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوولی 2024، مێدیاکان بڵاویانکردەوە، جارێکی دیکە چەند ئامێرێکی بێتەل لەجۆری جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم، بەدەست ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانیەوە تەقیونەتەوە، تائێستا بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە سێ کەس کوژراون‌و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن.
#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست