دەنگوباس
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، لە 1ـی مانگی نۆوە مووچەیان وەکو مووچەی گرێبەست وەردەگرن نەک وەکو وانەبێژ.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد، لە 1ـی مانگی ئەیلوولەوە مووچەکەمان وەکو گرێبەست دابەش دەکرێت".
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان دەڵێت، کەمێك لەمەوبەر له دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ لەسەر ناو و لیستی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کرا و بوونە گرێبەست. دەشڵێت، ئەو مووچەی مامۆستایان وەکو گرێبەست وەریدەگرن لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار دینار دا دەبێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا روونیکردەوە: "ئێستا وانەبێژان شایستەی مانگی پێنجیان وەرگرتووە، شایستەکانی داهاتوویان بۆ مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر بە وانەبێژی وەردەگرن".
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان وتیشی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی وانەبێژانی بە گرێبەستکراوی واژۆ کردووە و بڕیارە دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی بکات.