کوردستان

کێڵگەیەکی نەوتی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دادەخرێت

25/07/2024

دەنگوباس
بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتوو لەگەرمیان ئاشکرایكرد، کۆمپانیای دەرهێنانی نەوتی 'چیاسورخ' کارەکانی راگرتوەو كەمپەكە هەفتەی داهاتوو رادەستی پۆلیسی دەکەن.


لە کۆبونەوەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە داخستنی کەمپی نەوتیی 'چیاسورخ' لە ناحیەی قۆرەتوی سەر بە ئیدارەی گەرمیان.
لەوبارەیەوە سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتوو ڕایگەیاند، بەدەمیی ئاگادارکراوینەتەوە کە هەفتەی داهاتوو کەمپەکە دادەخرێت و رادەستی پۆلیسی نەوت و گاز دەکرێت.

وتیشی: هەرچەندە بڕیارەکە بە رەسمی نەهاتوە، بەڵام وەک پێمان وترا، بڕیاردراوە بە داخستنی کەمپەکە و ئەم هەفتەیەش جەردی کەرەستەکان دەکرێت و بە زیممە رادەستی پۆلیسی نەوت و گاز دەکرێت.

بەرهەمی پێشتری كێڵگەى نەوتى چیاسورخ، لەنێوان 1500 بۆ 2000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو، بەڵام بەهۆی کەمبونەوەی رێژەی بەرهەمی نەوتەکەی و خراپی کوالێتییەکەی، بڕیار درا بە داخستنی یەکجارەکی، پێشتریش چەندجارێک بەکاتی داخرابو و کارەکانی راگیرابوو.