کوردستان

ئاوات شێخ جه‌ناب: عێراقیش دەیەوێت وەک ئێمە هەژماری من دروستبکات

07/09/2024

ده‌نگوباس:

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم هۆشداریده‌دات ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەعێراق‌و هەرێمی کوردستانیش سیستەمی وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی، واتە لەڕێگه‌ی بانکەوە نەبێت ناتوانیت مووچە وەربگیرێت"، ده‌شڵێت:"سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێگه‌ی کارتی بانکەوە هەم تەوتین دەکرێت، هەم خزمەتگوزارییەکی زۆری بانکیی پێشکەش بەمووچەخۆران دەکرێت، عێراقیش دەیەوێت وەک ئێمە هەژماری من دروستبکات".


ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم لەبارەی پرۆژەی "هەژماری من" په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "هەڵمەتێکی ناڕەوا دژی پرۆژەکە کرا، دەبوایە وانەبووایە، سیستەمی "هەژماری من" سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێگه‌ی کارتی بانکەوە، هەم تەوتین دەکرێت هەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکیی پێشکەش بەمووچەخۆران دەکرێت".

وه‌زیرى دارایی ده‌شڵێت:"پڕۆژەکە لەبەغداو هەرێم بێنەو بەردەیەکی زۆری لەسەر دروستبوو دواجار دادگای فیدراڵی بابەتەکەی یەکلاکردەوەو بەڕوونکردنەوەیەک ڕایگەیاند، هەموو ئەو بانکانەی لەژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیدان دەتوانن تەوتین بکەن، هەموو بانکەکانی ناو هەژماری من کە لەئێستادا ژمارەیان هەشت بانکەو زیاتریش دەبن لەژێر کۆنترۆڵ‌و ڕێنمایی بانکی ناوەندیدان".

به‌وته‌ى ئاوات شێخ جه‌ناب، "چاوەڕوانی ئەوەین تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی "هەژماری من" 100% تەواوبێت‌و تەواوی فەرمانبەران‌و مووچەخۆران خۆیان لەسیستەمەکە تۆماربکەن، ئێستە نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر خۆیان لەسیستەمەکە تۆمارکردووەو ئەم مانگەش 120 هەزار کەس لەڕێگه‌ی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرت، لەهەولێر 96%و لەدهۆک لە 92%و لەسلێمانی لە 37% خۆیان تۆمارکردووەو ڕێژەکەش بەردەوام لەزیادبووندایە".

ئه‌وه‌شى وت:"لەعێراق‌و هەرێمی کوردستانیش سیستەمی وەرگرتنی مووچە دەبێتە دیجیتاڵی، واتە لەڕێگه‌ی بانکەوە نەبێت ناتوانیت مووچە وەربگیرێت، هەرکەسێک تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی تۆمارنەکات‌و هەژماری بانکیی نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت، چونکە ئەو سیستەمی دابەشکردنی مووچەیەی ئێستا نامێنێت، لەڕێگه‌ی ئەم سیستەمەوە مووچەخۆر دەتوانێت لە 15 ملیۆن‌و زیاتر سلفەو قەرزیش وەربگرێت".

جەختیشیكرده‌وه‌، "ئێستا عێراق کار لەسەر ئەوەدەکات سیستەمێکی بانکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروستبکات، ئەو تەوتینەی عێراق لەبانکی ڕەشیدو ڕافیدەین هەیە خزمەتگوزاریەکە وەک هی هەرێم پێشکەوتوو نییەو لەعێراقیش جگە لەبانکی حکومی بانکی ئەهلیش بەشداریان لەتەوتینی مووچە کردووە".

ئاوات شێخ جەناب، لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، وتی:"لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکوومەتی عێراق‌و هەرێم هەیە بەناوی لیژنەی یەکخستنی ڕێکارە ئیداریی‌و دارایی‌و ژمێریاریەکان، لەبابەتی خانەنشینی پێشمەرگە لای ئێمە کار بەچەند یاسایەک کراوە ئەوەش پێویستی بەیه‌کخستن‌و ڕێکخستنەوە هەیە، بۆ هەموو چین‌و توێژەکان پێویستە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنەوە ئەنجامبدرێت".


#مووچە