کوردستان

ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

07/09/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان هۆشداریی ده‌دات له‌تێكچوونى ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان‌و له‌نامه‌یه‌كدا هۆشداریی به‌سه‌رۆكه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتى‌و هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ى ده‌دات‌و ده‌ڵێت:" تکاتان لێدەکەم، هیواو ئومێدی ڕای گشتی جیهان بەمیللەتی ئێمە بەفیڕۆو عەبس مەبەن، وەک گەلی چەوساوەی فەڵەستین بەسەر میللەتی ئێمەدا مەهێنن‌و دووچاری نەهامەتی زیاتری مەکەن"، ڕاشیگه‌یاندووه‌، "تکایە، ڕەوشی کوردستان ئارام بکەنەوەو شەڕی ڕاگەیاندنی ناڕەوا ڕاگرن".


هۆمەری شێخموس ئەندامی دەستەی دامەزرێنه‌رى یەکێتی نیشتمانی کوردستان نامه‌یه‌كى نووسیوه‌و ئاراسه‌ى مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم‌و بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران كردووه‌و ده‌ڵێت:"چاوی هەموو جیهان ڕووی لەئێمەیە بۆ ئامادەکردن‌و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک، بێگەرد، ڕەواو ئازاد لەکوردستان".

ده‌شڵێت:"تکاتان لێدەکەم، دیسان هەزاران جاری‌ تر تکاتان لێدەکەم کە هیواو ئومێدی ڕای گشتی جیهان بەمیللەتی ئێمە بەفیڕۆو عەبس مەبەن، وەک گەلی چەوساوەی فەڵەستین بەسەر میللەتی ئێمەدا مەهێنن‌و دووچاری نەهامەتی زیاتری مەکەن".

جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "تکاتان لێدەکەم لەهیچ‌و خۆڕایی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەنرخێکی ئێجگار زۆر گران بەدەستهاتوون، مەخەنە مەترسییەوەو دووچاری لەناوبردنی مەکەن، شاڵاوی هەڵبژاردن بەمشێوه‌یە ناکرێت، ئەمجۆرە وتارانەو ئەم چەشنە کارانە زەمینە سازکەرە بۆ شەڕی ناوخۆ، شەڕی خۆکوشتن‌و یەکتر کوشتن، تکایە، بگەڕێنەوەسەر شاڕێگه‌ی ڕاستەقینەی دیموکراسی‌و ئازادی بیروڕاو پێکەوە بوون".

به‌بڕواى هۆمه‌ر شێخ مووس، "دروستکردنی سینارێوی جۆراوجۆر لەدژی یەکترو بۆ ناوزڕاندنی یەکتر بەقەزانجی هیچ لایەنێک تەواو نابێت، بەڵکو لەئەنجامدا بەزیان‌و زەرەر بۆ ناوو ناوبانگ‌و پێگەی گەلی کوردستان لەهەموو جیهان تەواو دەبێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى نامه‌كه‌دا هاتووه‌، "پێویستە هەمیشە ئەوە بسەلمێندرێت کە بەکارهێنانی  زەبروزەنگ‌و هێزی چەکداریش هیچ گرفتێک چارەسەرناکات، ئازادی ڕادەربڕین، ئاوه‌ڵابوونی ده‌رگای دەزگای ڕۆشنبیریی‌و ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دەبێ لەکوردستان ڕێگه‌ پێدراوبێت".

هۆشداریشیداوه‌، "هەمیشە تەنها ڕێگه‌، ڕێگه‌ی دیالۆگی دیموکراتی‌و ئاشتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، ئێوە کە لەگەڵ دەوڵەتانی جۆراوجۆر دانوستاندن دەکەن‌و دەگەنە ڕێککەوتن، چەند باش دەبوو پێکەوەو بەرامبەر بەیەکتریش نەرمی بنوێنن‌و بەکردەوەو بەسنگ فراوانییەوە بەرژەوەندی گەلی کورد بخەنە پێش بەرژەوەندی حزب‌و تاکەکەسەوە".

هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "تکایە، ڕەوشی کوردستان ئارام بکەنەوەو شەڕی ڕاگەیاندنی ناڕەوا ڕاگرن، بۆ بەڕێوەبرەدنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی شارستانیانە، پاک، ڕەواو ئازادانە، خەڵکی کوردستان بەگشتی زۆر ماندوو نیگەرانە لەو هەوموو ناکۆکییە بێ مانایانە کە هێزە سیاسیەکان بۆیان دروستدەکەن، کاتی ئەوە هاتووە ڕێز لەخەبات‌و تێکۆشانیان بگرین‌و ژیانێکی ئاسوودە، ئارام‌و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین".


#باشووری کوردستان