راپۆرت و چاوپێکەوتن

پێشنیازەیاسا مەترسیدارەکە لە پەرلەمانی عێراقە؛ کۆمەڵگە دابەش دەکات و ناکۆکی گەورە دروست دەکات

25/07/2024

دەنگوباس
پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەى یەکەمى پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی دواخست، کە لە خشتەى کۆبوونەوەى چوارشەممە 24ـی تەممووزى پەرلەمان بوو، ئەوەش بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی لەسەر پێشنیازە یاساکە دروستبووە.

 
یەکێک لە هەموارەکان دیاریکردنی مەزهەبە بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت، حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب واتا گۆڕینی مەزگەبەکەی پێشکەش بکات.
 
ئەو هەموارە داواکاریى شیعەکانە، دەیانەوێت لەسەر مەزهەبی جەعفەرى ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییە بەشێوەیەک رێکبخەنەوە، کە بۆ شوێنکەوتووانى ئەو ئایینزایە بە گونجاوی دەزانن.
 
سرووە زەنگەنە، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵ بە میدیاکانی وتووە، دەبوو پێشنیازەیاساکە لە رێگەى لیژنەکەمان لەگەڵ لیژنەى یاسایی پێشکەش بکرایە، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنرابوو، تەنیا بە واژۆى 10 پەرلەمانتارى شیعە درابووە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆیە راگیرا. 
 
بەگوێرەى هەموارەکە، ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لە بارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
لەئێستادا زیاتر لە 100 واژۆى پەرلەمانتارانى سوننە، کورد و تەنانەت شیعەش کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەى پێشنیازەیاساکە بە تەواوى بکشێندرێتەوە.
 
دەرهێنانی پێشنیازەیاساکە لە کارنامەی پەرلەماندا ناڕەزایی هەندێک پەرلەمانتارى شیعەى لێکەوتەوە، کە بە وتەى خۆیان ماوەیەکى زۆرە چاوەڕوانى دەکەن.
 
حەسەن سالم زیرجاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى فەتح لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا لەنێو پەلەمانەوە دەڵێ "1400 ساڵە ریشەکێشکردنى شیعە هەیە، مافى خۆمانە بگەڕێینەوە بۆ فیقهى جەعفەری و ئەو فیقهەى، کە بۆ ئێمە گونجاوە لە هەموو مامەڵەکانى بارى کەسێتیمان، ئەمڕۆ رووبەڕووى رێگرى بووینەوە." 
 
پاساوى ئەوانەى لە دژى ئەو هەموارە بوون ئەوەیە، پێچەوانەى چەند مادەیەکى دەستوورە، جگە لەوەش تەمەنى شووکردنى کچان بۆ پێگەیشتن کەم دەکاتەوە لە برى تەمەنى یاسایی.

وردەکاریی پێشنیازە یاساکە بەمشێوەیەیە؛

- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروست بکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.