دەنگوباس
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و مانگی سووری عێراقی و سەرجەم لایەنە تایبەتەكان كردووە هاوكاری دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن لە پڕۆسەی دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرەكەی سەرۆك كۆماری ئێران كە لە باكوری ئێران كەوتبووە خوارەوە.
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەو هەلیكۆپتەرەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران و یاوەرانی دەگواستەوە، بەهۆی خراپی كەشوهەوا و تەموموژ كەوتبووە خوارەوە.
لەنێو هەلیكۆپتەرەكەدا هەریەك لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە، ئایەتوڵا ئەلهاشم پێشنوێژی پارێزگای تەورێز و مالیک رەحمەتی پارێزگاری تەورێز، یاوەری سەرۆك كۆماری ئێران بوون.
پێش فڕینی هەلیكۆپتەرەكە، ئیبراهیم ڕەئیسی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی بەنداوی قزقەلاسی لەسەر ڕووباری ئاراس لە پارێزگای تەورێز كردبوو.
#ئێران
#عێراق