حاكم شێخ لهتیف
دەستخۆشیت لێدەکەم بۆ وتەکانی ئەمڕۆت سەبارەت بەپارتیو دەسەڵاتدارانی پارتی، زۆر زیاتریش هەڵدەگرێ، بەڵام ئەم قسەیە بۆ سنووری حزبەکەی خۆشت کە 33 ساڵە لێرە دەسەڵاتی هەیەو سەردەمی خۆشت کە سێ ساڵە خۆت زەعیمی ئەوحەدی، هەمان شتەو زیاتریش، جا نازانم ئاگات لێ نییەو لێت دەشارنەوە یان شتی تر؟
جا ئەگەر نایزانی ئەوە موسیبەتە خۆ ئەگەر دەیزانیو خۆتی لێ لادەدەی، ئەوە موسیبەتەکە گەورەترە.
وتتان حکومەتی دامەزراوەییمان نییەو هەموو شتێک بەدەست شەخسە، لەسلێمانیش هەمان شتە، ئەگەر لەهەولێرو دهۆک پارتیو سەرۆکی پارتی وایان کردبێو دەسەڵاتیان لەدەست خۆیاندا کۆکردبێتەوە، تۆش لەسلێمانی هەرواو خراپتریشت کردووە، کەی ڕێگهتانداوە حکومەتی لۆکاڵی سلێمانی هیچیان بەدەست بێت؟ پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاکانتان کردووهتە کارتۆنیو هەموو دەسەڵاتەکانتان لای خۆتان کۆکردووهتەوە.
وتتان دادگامان نییە، بەڵێ ڕاستە، بەڵام دادگای سنوورەکەی خۆت هەمان شتەو ئێوەش بەهەمانشێوە دەستوەردان لەدادگاکانو دامەزراندنی پۆستە دادوەریەکاندا دەکەنو هەموویان بەفلتەری حزبدا نەبێ، ڕێگهیان پێنادرێ.
ـ وتتان زەوی هەولێرو دهۆک تاڵان دەکرێت، ئەی بۆ زەوی سلێمانی ماوە؟
لەسلێمانی دوای ئەوەی دەشتەکان هەموو داگیرو دابەشکران ئێستا چیاکانیش داگیرو دابەشدەکرێن، بەگۆیژەی سیمبوڵی شاریشەوەو کاتێکیش هەندێ لەچالاکوان ویستیان گردبوونەوە بکەن دژی تێکدانی ئەو سیمبولەو بۆ پاراستنی ژینگە هێزی دژەتیرۆرو ئاسایشیان بۆ هێنان بۆ بڵاوەپێکردنیان بەزۆری زۆردارو هەر ڕێیان پێنەدان لەوشارەی دەڵێی ئازادی هەیە، گردبوونەوەکەش بکەن.
ـ دامودەزگاکانی تری وەک پەروەردەو زانکۆکان بەهەمانشێوە هیچ سەرۆک زانکۆو ڕاگرو تەنانەت سەرۆک بەشێکی زاکۆ نەک هەر حکومیەکان، بەڵکو زۆرێک لەئەهلیەکانیش سەربەخۆتان نەبێ ڕێگهیان پێنادەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پیاوەکانتان لەو شوێنانە ڕێگهنادەن بەکەسانی سەربەخۆو بێلایەن کە ڕای جیاوازیان هەبێ، نەک هەر وانە بڵێنەوە، بەڵکو کۆڕو سیمیناریش ببەستنو لەبواری خۆیاندا سود بەقوتابیانو خوێندکاران بگەیهنن.
ـ هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە نییە بەفلتەری حزبدا تێنەپەڕێ، جاری وا هەیە حزبیش تەزکیەی دەکات، بەڵام بەرپرسی حزبی ناوچەیی ڕێگریی دەکاتو دەڵێ دەبێ خۆم کەسێک دابنێم، دیارە هەموو سێکتەرەکان وانو بەبەڵگەوەو پێویست ناکات لەوە زیاتر درێژەی بدەمێ، ئەگەر پێتخۆش بوو، ڕاستی تاڵ بزانی، ئامادەم ڕووبەڕوو پێت بڵێم.
لەوە دەچێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدابێتو دووبارە دیزاینی نەخشەی ناوچەکە بکرێتەوە، ئەگەر حوکمڕانیی ئێمە بەمشێوەیە بەردەوامبێتو فریای خۆمان نەکەوینو چاکی نەکەین، لەوە دەچێت ئەمجارەش وەک هەڵەکانی تری کە بۆمان هەڵکەوتن لەدەستمان بچێتو دەستبەتاڵ لێی دەرچین، کاتی ئەوە هاتووە بەڕاستی چاکسازیی بکرێتو یەک حکومەتی یاساییو دامەزراوەیی لەسەرتاسەری هەرێمدا دروستبکرێتو هەمووان بەئێوەشەوە ملکەچی یاسابنو لەکاتی سەرپێچیدا لێپێچینەوەتان لەگەڵدا بکرێت وەک ئەو بەریتانیایەی ئاماژەت بۆکردو خۆشت لێی گەورەبوییو دەزانی حوکمی یاسا لەوێ چۆنە.
#بافڵ تاڵەبانی