دهنگوباس:
جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەهەرێم جەختیکردوهتەوە، هەرێمی کوردستان لەپرۆسەی سەرژمێریی گشتییدا ڕوبەڕوی سێ گرفت دەبێتەوە، جەختیشیکردوهتەوە تا چاسەرکردنی ئەو گرفتانە پێیوستە پڕۆسەکە دوابخرێت.
مەحمود عوسمان جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەهەرێم لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی بەغداد ئەلیەوم وتویهتى، "گرفتی یەکەم پەیوەندیی بەبونی ئاوارەکانی پارێزگاکانی دیکەوە هەیە لەناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر حسابکردنی کورسییەکانو پشکی هەر پارێزگارێک لەبودجەدا هەیە".
باسی لەوەشکردوە، هەرێم داوایکردوە ئەم ئاوارانە لەپارێزگا ڕەسەنەکانیان تۆماربکرێن.
هەروەک وتویەتی:"کێشەی دوەم پەیوەندیی بەدواکەوتنی دەستپێکردنی پڕۆسەکە لەهەرێم هەیە، بەوپێیەی هەرێم بەبەراورد بەبەغدا درەنگ دەستی بەپرۆسەی سەرژمێری کردوە، بەڵام تائێستا 80%ی تەواوکردوە".
ئەوەش هاتوە، کێشەی سێیەمیش نەبونی تەرخانکردنی داراییە کە پێویستە بۆ دامەزراندنی نزیکەی 20 هەزار فەرمانبەر، لەگەڵ ئەوەی هێشتا بودجەی ساڵی 2024 نەگەیشتوە.
عوسمان جەختی لەپێویستی دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان کردوهتەوە تا ئەو گرفتانە چارەسەردەکرێن، بەتایبەتیی لەو ناوچە کێشەلەسەرەکان کە لەئێستادا وەفدێکی کوردی بەدوای دۆزینەوەی چارەسەردایە لەگەڵ بەغدا.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بکات کە لەساڵی 2009وە بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگربوە لەبەئەنجامگەیشتنی پرۆسەکە.
نزیکەی سێ دەیەیە سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لەعێراقدا ئەنجامنەدراوەو دوایین سەرژمێریی گشتیی لەساڵی 1997 کرا کە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، بەوپێیە دوایین سەرژمێریی لەهەرێمی کوردستان لەساڵی 1987 لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەنجامدرا.
#باشووری کوردستان