کوردستان

بارزانى په‌یامێك ئاراسته‌ى په‌كه‌كه‌ ده‌كات

30/10/2024

ده‌نگوباس:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى پرسى كورد له‌توركیاو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى به‌ناوى پرۆسه‌ى ئاشتییه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ستیپێكردووه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ئه‌نكه‌ره‌ كردى، زیانێكى گه‌وره‌ى به‌و هه‌وڵانه‌ گه‌یاند"، ده‌شڵێت:"ئێمه‌ دیدى خۆمان به‌ئه‌ردۆغان گه‌یاندووه‌و داواشده‌كه‌ین په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تى خۆى بگۆڕێت، چونكه‌ ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى زۆرباش".


نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌دیدارى مێرى له‌شارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌رى پرسى كورد له‌توركیا چه‌ند زانیارییه‌كى ئاشكراكردو په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى په‌كه‌كه‌ كرد.

بارزانى ئه‌وه‌ى ڕوونكرده‌وه‌، "كورد به‌هه‌ڵبژاردنى خۆى نه‌بووه‌ته‌ به‌شێك له‌هیچ كام له‌و وڵاتانه‌ى ئێستا به‌سه‌ریاندا دابه‌شبوون، به‌ڵام پێویسته‌ كورد له‌هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش ڕۆڵى سیاسییانه‌ى خۆیان بگێڕن".

وتیشى:"ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌واقیعى سه‌یرى بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین، له‌وه‌ته‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌و له‌توركیادا حوكم ده‌كات، پێشكه‌وتنى به‌رچاو له‌پرسى كورد ڕوویداوه‌، ناكرێت ئه‌وانه‌ى له‌توركیا ڕوویانداوه‌ ئێمه‌ به‌كه‌م وه‌ریبگرین‌و نادیده‌ى بگرین".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "پێشتر زۆر ئه‌سته‌م بوو له‌توركیادا بڵێى من كوردم، به‌ڵام ئێستا نه‌ك كێشه‌ نییه‌، به‌ڵكو كه‌ناڵى ئاسمانى ته‌له‌فزیۆنى كوردیى هه‌یه‌، هه‌ندێك شت كراوه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ ئێمه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان شتى زۆر سه‌ره‌تایی بن، به‌ڵام بۆ توركیا زۆره‌و گه‌وره‌یه‌".

له‌باره‌ى ڕۆڵى هه‌رێم له‌چاره‌سه‌رى پرسى كورد له‌توركیا، بارزانى ڕایگه‌یاند، "هه‌رێمى كوردستان پێشتریش له‌ساڵه‌كانى 2011و ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌ بوو هه‌وڵماندا، ئێستاش ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پرۆسه‌یه‌كى ئاشتیى له‌توركیا ده‌ستپێبكرێت‌و بگاته‌ ئه‌نجام".

ئاماژه‌ى به‌دوایین سه‌ردانى خۆى بۆ توركیا كردو ئاشكرایكرد، "له‌دوایین سه‌ردانیشم بۆ توركیا ئه‌وه‌مان خسته‌ڕوو، بۆ ئێمه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵیه‌ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ى ئاشتیى ده‌ستپێبكرێت، چاره‌سه‌رى ئه‌م پرسه‌ هاوكارییه‌كى باش‌و گه‌وره‌شه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ش".

سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌كانیش بۆ تێكدانى پرۆسه‌ى ئاشتى، بارزانى ڕاسته‌وخۆ باسى په‌كه‌كه‌ى كردو وتى:"ده‌بێت ڕێگه‌ بگیرێت له‌وانه‌ى نایانه‌وێت به‌ڕاستى ئه‌م پرۆسانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام، ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ى له‌ئه‌نكه‌ره‌ ڕوویدا، بۆ تێكدانى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوو، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ زیانێكى گه‌وره‌ى لێكه‌وته‌وه‌، كه‌م نه‌بوو".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى:"هیوادارین ئه‌م پرۆسه‌یه‌ جدى بێت‌و بگاته‌ ئه‌نجام، چونكه‌ هه‌م قسه‌كانى سه‌رۆكى مه‌هه‌په‌و هه‌میش په‌یامه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌ردۆغان، هه‌مووى جێگه‌ى دڵخۆشیه‌".

به‌وته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم، "مه‌سه‌له‌ى په‌كه‌كه‌ كێشه‌یه‌ى زۆر گه‌وره‌یه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ توركیا، به‌ڵكو بۆ ئێمه‌ش، په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان هیچ ڕێزێك بۆ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێم دانانێن، په‌كه‌كه‌ ده‌بێت واز له‌م سیاسه‌ته‌ى بهێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت به‌ڕاستى پرۆسه‌ى ئاشتى بگاته‌ ئه‌نجام، ده‌بێت واز له‌م سیاسه‌ته‌ى ئێستاى بهێنێت‌و ڕێگه‌ خۆشبكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڕێگه‌چاره‌سه‌رى سیاسیى پرسى كورد چاره‌سه‌ر بكرێت‌و واز له‌م كرده‌وانه‌ى بهێنێت".

داواكارییه‌كیشى ئاراسته‌ى قه‌ندیل كردو وتى:"په‌كه‌كه‌ ده‌بێت سیاسه‌تێكى نوێ په‌یڕه‌و بكات، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ هه‌مووى گۆڕاوه‌، په‌كه‌كه‌ش پێموایه‌ مه‌جالى باشى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كێشانه‌ى ئێستا هه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا چاره‌سه‌رى بكه‌ن".


#نێچیرڤان بارزانی