راپۆرت و چاوپێکەوتن

داعشی بێ چەک، یان ماری بن هەنگڵ؟

16/04/2024

دەنگوباس
هیچ حزبێکی ئیشتراکی دیموکراتی نییە لە جیهاندا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سۆزداری لەگەڵ سەلەفییەتدا بکات. ئەمە نوێترین هۆشدارییە لە مەترسییەکانی نزیك بوونەوەی یەکێتی و سەلەفییەکان، کە هەندێك بە داعشی بێ چەك و هەندێکیش بە ماری بن هەنگڵ وەسفیان دەکەن و پێیانوایە ئەگەر بەر بەو هەنگاوە نەگیرێت، دووربێت یان نزیك ئیدارەی سلێمانی لە پاڵ قەیرانەکانی دیکەدا، ڕووبەڕووی سەرئێشە و گرفتی گەورەتریش دەبێتەوە.

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی کە هاوشێوەی چەندین سەرکردەی دیکەی دیار و باڵا، بەهۆی ناڕەزاییان لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی، لە حزبەکە دوورکەوتوونەتەوە، لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ڕەشیدی عێراقی هۆشداری دا لەو هاوپەیمانییەی کە یەکێتی لەگەڵ ڕەوتی سەلەفیدا دروستی کردووە.
مەلا بەختیار کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر هاوشانی دەستەی دامەزرێنەر، لە ناو کوردستانەوە کاریان بۆ دروستکردنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد، ئێستا دەڵێت بە هۆی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ڕەوتی توندڕەوی سەلەفیدا، مەترسی گەورەم لە ئایندەی یەکێتی هەیە.
سەلەفییەکان کە بە مەدخەلییەکانیش ناودەبرێن، ڕەوتێکی توندڕەوی ئایینین و زۆر بە سانایی حوکمی دوورکەوتنەوە لە دین بەسەر هەرکەسێکدا دەدەن کە ناکۆکیان لەگەڵیدا هەبێت. ئەوەش بە زەنگێکی مەترسیدا دەبینرێت بۆ ئەوەی لە هەرساتێکدا بێت ئەو هزرە توندڕەوە، لەسەر ئەرزی واقیع توند و تیژی لێ بکەوێتەوە.
عەبدوللەتیف ئەحمەد، دیارترین کەسایەتی سەلەفییەکانە لە هەرێمی کوردستان و ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماریش بە "سەرۆکی ڕەوتی ئیسلامی سەلەفی لە هەرێمی کوردستان" وەسفیکرد کاتێك لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا چاوی بە د. لەتیف ڕەشید کەوت.
عەبدوللەتیف سەلەفی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە، هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵە، برایەکی عەبدوللەتیف سەلەفی بووەتە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و برای دووەمیشی لە سلێمانی ڕاگری کۆلێژی شەریعەیە.
مەلا بەختیار دەڵێت، ئێستا هاوپەیمانییەك لە نێوان یەکێتی و ڕەوتی سەلەفی توندڕەودا هەیە. هەر ئەو هاوپەیمانێتییەش وایکرد کە سەلەفییەکان لە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوكدا دەنگ بە لیستی هاوبەشی یەکێتی و شیوعی بدەن.
سەرەتای مانگی کانوونی دووەمیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بووە یەکێك لە دیمەنە پڕ بینەرەکانی پەیجە کوردییەکان کە ژمارەیەك چەکداری هێزی کۆماندۆی یەکێتی دەردەکەون و یەکێکیان بە ڕیشێکی درێژەوە قسەیان بۆ دەکات.
ئەبوبەکر عەلی، نووسەر و سیاسەتمەداری ئیسلامی، کە ساڵانێکی زۆر پۆستی باڵای لە نێو یەکگرتووی ئیسلامیدا هەبوو، مەترسی سەلەفییەکان لەسەر کوردستان بە هەڕەشەی جددی دەزانێت و تەنانەت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە داعشی بێ چەك وەسفیان دەکات.
ئەبوبەکر عەلی تاکە سیاسەتمەداری ئیسلامی نییە هۆشداری لە مەترسییەکانی ڕەوتی سەلەفی بدات و چەندینی دیکەش هەمان بۆچوونیان هەیە، لە نێویشیاندا ئەبوبەکر هەڵەدنی کەسایەتی دیاری ئیسلامی کە پێی وایە، لەخۆگرتنی سەلەفییەکان چارەنووسێکی خراپی دەبێت و هەرلایەنێکی دەسەڵات باوەشیان بۆ بکاتەوە، دوور نییە سبەینێ وەك ماری بن هەنگڵ پێیانەوە بدات.