بیروڕا

پرۆسەی تاقی کردنەوە و ڕاگەیاندن

26/06/2024
کۆچەر میرزا



کەم ڕاگەیاندنی دونیا هەیە هێندەی ڕاگەیاندنی کوردی ڕۆڵی نەرێنی ببینێ.
دیارە ئەم  قسەیە ڕێژەییە و ئەو کەمە ڕاگەیاندنانە ناگرێتەوە کە ئەو ڕۆڵە نەرێنییە ناگێڕن.
وەک دەزانین لەلای ئێمە داهاتووی منداڵەکانمان تەنها بەیەک ساڵەوە بەستراوەتەوە دیارە ئەو قۆناغەیش ئەوساڵەیە کە خوێندکار دەگاتە پۆلی دوانزەی ئامادەیی،  بەستنەوەی داهاتووی مرۆڤێک بە ساڵێکەوە نیگەرانی لای خوێندکار و خێزانەکەی دروست دەکات.
خێزان و خوێندکارەکان لەو ساڵەدا دەکەونە ژێربارێکی دەروونی سەختەوە، دیارە گەورەترین فشاری دەروونی لەسەر خوێندکارەکەیە.
پاش لەسی ساڵ زیاتر دەسەڵاتی کوردی نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک لەم سستمە لاروخێچەدا بکات.
ئەوە بابەتێکی ترە و نامەوێت لێرەدا باسی بکەم، بۆ چوونە نێو بابەتەکە دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.
کاریگەری نەرێنی ڕاگەیاندن لەسەر خوێندکاران چییە؟
ڕاگەیاندنی کوردی کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر دەروونی خوێندکارەکان و خێزانەکانیان دروستکردووە.
لە تەواوی دونیادا تاقیکردنەوە پرۆسەیەکی ئاساییە و ساڵانە نابێتە بابەتی ڕاگەیاندنەکان، بەڵام لای ئێمە ڕۆژی تاقیکردنەوە دەڵێیت دونیا وێران بووە کاری ڕاگەیاندنەکان دەبێتە باسی تاقیکردنەوەکان، لەوە کارەساتر ئەوەیە ڕاگەیاندن کارەکان دەچنە هۆڵی تاقیکردنەوەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکار و چاودێری هۆڵەکاندا دەکەن.
ئیتر تەواوی ڕاگەیاندنەکان بە سۆسیال میدیاوە ئیشیان هیچ نییە باسکردنی ئەم پرۆسەیە نەبێت!
لەوە تێناگەم چۆن وەزارەتی پەروەردە ڕێگە بە ڕاگەیاندنەکان دەدات بچنە نێو هۆڵەکانەوە!!
دوای تاقیکردنەوەکان دێنە سەر باسی پرسیارەکان ئیتر هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێ، پرسیارەکان دزران، پرسیار ئاسان بوو، پرسیار قورس بوو، پرسیارەکان هەڵەی تێدابوو، زۆربەی قوتابیان هاتنەدەرەوە، ئالەم جۆرە هەواڵانە دەورژێنن تەواوی ئەو هەواڵانەبش کاریگەری نەرێنی زۆر سەختی لەسەر خوێندکار هەیە و خوێندکار دەخاتە هەلومەرجێکی دەروونی ناجێگیرەوە.
باری دەروونی کەسوکاری خوێندکاریان والێکردووە،دابکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەچن بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکان!!
ئیتر ڕاگەیاندن دەوری ئەو دایکانە دەگرێت و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکات، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەنێو قڕۆڵی داردا دۆزیبێتەوە!!
خۆم چاوپێکەوتنی ئەو دایکانەم بینی لەبەردەم خوێندنگایەکدا کە کەناڵێکی ڕاگەیاندن ئەنجامیدەدا.
لێرەوە داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەم کە چیتر ڕێگە بە ڕاگەیاندنەکان نەدەن باس لە پرۆسەی تاقیکردنەوە بکەن.