راپۆرت و چاوپێکەوتن

مەرەکەبی سەر کاغەز؛ ئەو بەڵێنانەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کە هیچی لێ سەوز نەبوو

25/07/2024

دەنگوباس
پێنج ساڵ پێش ئێستا بە بەڵێنی گەورەوە هەریەکە لە مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستانەوە بانگەشەی حوکمی سەرتاسەریی کوردستانیان ڕاگەیاند.

هەر لەبەردەم پەرلەماندا کۆمەڵێك بەڵێنی زۆریان بە خەڵکیدا، بەڵام ئەو بەڵێنانە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و هیچیان لێ سەوز نەبوو، بەڵکو دۆخی کوردستان پێش بەڵێنەکانی بارزانی و تاڵەبانی شتێك بوو، ئێستاش دوای بەڵێنەکان شتێکی دیکەن.

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە کارنامەی حکومەتەکەیاندا وتیان "نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەرکارەکانی هەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین" بەڵام ئەم کارنامەیە خودی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نەگرتەوە، چونکە خۆیان خاوەنی دەیان کۆمپانیای گەورەن، مەسرور بارزانی خاوەنی (ئارتی بانکە) کە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچووە ئەو بانکەوە، تەنانەت لە بابەتی هەژماری من هەمان بانک کرایە بانکی سەرەکی و فەرمانبەران ناچار کراون لەو بانکە هەژمار بکەنەوە، هەرچی قوباد تاڵەبانیشە زۆرینەی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی زەوی گرانبەهایان پێدراوە، ئەو یان پڕۆژەکە هی خۆیەتی یاخود خاوەن پشکە تیایدا، ئەوە جگە لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی پارتی و یەکێتی کە ئێستا چوونەتە نێو بواری بزنس و زۆر جار گوێبیستی هەواڵی ئەو کێشانە بووین، کە فەرماندەیەکی سەربازیی پارتی یان یەکێتی، داوای پشکی لە سەرمایەدارێك کردووە.

حکومەتی هەرێم وتی "کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار..." بەڵام سندوقی داهاتە نەوتیەکان دروستنەکرا و تەنانەت هەرێمی کوردستان نەوتەکەشی لەدەستدا و هەموومان بینیمان چۆن بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریسەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

بەڵکو ئێستا ڕۆژانە هەزاران تانکەر نەوت بە قاچاغ دەفرۆشرێت و کەسیش نازانێت داهاتەکەی کە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە دەچێتە گیرفانی کێوە؟ ئەوە داهاتی ناوخۆ هەر باس ناکرێت کە چەندە و چۆن کۆدەکرێتەوە.

یەکێکی تر لە بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم ئەوە بوو کە وتی "کار دەکەین بۆ باشترکردنی ڕێگەوبانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی هاتووچۆی هەرێم بەڵام ئەم بەڵێنە باجەکەی هەزاران ڕووداوی هاتووچۆ و سەدان گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە.. با بە داتا تەماشای ئەم بەڵێنە بکەین".

ساڵی 2018 واتا یەك ساڵ پێش ئەوەی مەسرور بارزانی وەك سەرۆکی کابینەی نۆ دەستبەکاربێت، سێ هەزار و 958 ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

بانمونەی ساڵی 2021 وەربگرین کە مەسرور بارزانی لە سێیەم ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمدا بووە، لەو ساڵەدا  چوار هەزار و 119 ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە.. بەشێكی ڕووداوەکانیش بەهۆی خراپی ئەو ڕێگەوبانانەوە بوون، کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڵێنی چاککردنیانی دا.


#حکومەتی هەرێمی کوردستان
#مووچە
#قوباد تاڵەبانی
#مەسرور بارزانی