کوردستان

حکومەتی هەرێم مانگانە 7% لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت بۆ سندوقی خانەنشینی بەڵام سندوقەکە بوونی نییە

25/07/2024

دەنگوباس
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی بەغدا داوای پارەی سندوقی خانەنشینیی لە شاندی هەرێمی کوردستان کردووە، شاندەکە وتوویانە دەچنەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوێ وەڵامی پێویست بۆ ئەو پرسە وەردەگرن.


لەهەرێمى کوردستان سندوقى خانەنشینى لە ساڵى 2021 دروستکراوە و 20 کارمەندى بۆ تەرخانکراوە و بەرێوەبەرى بۆ دیاریکراوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا یەک هەزار دینارى تێدا نییە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، بەغدا داوای پارەی سندوقی خانەنشینییان لە شاندەکە کردووە، بەڵام شاندەکە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە و وتوویانە، دەچنە ئەنجوومەنی وەزیران و وەڵامی پێویست لەوبارەیەوە وەردەگرن.

لەهەرێمى کوردستان نزیکەى 260 هەزار خانەنشین هەن و مانگانە 7% مووچەکانیان لێ دەبردرێت بۆ سندوقى خانەنشینى، بەڵام سندوقەکە کارا نەکراوە و یەک دینارى تێدا نییە.

لە عێراق لە هەر فەرمانبەرێک 10% مووچەکەى دەبردرێت و حکومەتى عێراقیش 15% مووچەى هەر فەرمانبەرێک دەکاتە ناو سندوقى خانەنشینى، هەرکات مووچەى خانەنشینان لەگەڵ عێراق هاوتاکردنى کەوتە بوار جێبەجێکردنەوە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەبرى 7% لەسەدا 10% مووچەکانیان دەروات بۆ ئەو سندوقە.


#مووچە