کوردستان

حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكان دەكات

15/06/2024

دەنگوباس:

بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێم دەكات و بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات.
د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، پێشتر ڕێككەوتن كرا بۆ ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان، بەڵام حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكان دەكات.

وتیشی: تا ئەم ساتە وەختەش چارەسەری ریشەیی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ نەدۆزراوەتەوە.
فازڵ نەبی ئاماژەى بەوەشکردوە، بابەتی نەوتی هەرێم كێشە بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست ناكات، بەڵام دەبێت لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەرێم و بەغداد بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی چونكە حكومەتی عێراق بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات.


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#عێراق
#مووچە