راپۆرت و چاوپێکەوتن

نهێنی هەوڵێکی ئۆباما بۆ ڕێگریکردن لەمام جەلال لەوەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك کۆمار

10/06/2024


فەخری کەریم، گەورە ڕاوێژکاری مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چەند نهێنییەکی پشت پەردەی ڕووداوەکانی ساڵانی نێوان  2006-2014ی ئاشکرا کرد، ئەو کاتە کە مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو و نوری مالیکی هەوڵی دەدا لەسەر حسابی ئەیاد عەلاوی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو، جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

فەخری کەریم لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەو کاتە ئەمریکا هەوڵی داوە لە پێناو ڕازیکردنی هاوپەیمانی عێراقییە بە سەرۆکایەتی عەلاوی، مام جەلال لە خۆکاندیدکردن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بکشێتەوە.

لەو بارەیەوە دەڵێت: “ڕۆژێک عەلی خزەیری، ڕاوێژکاری باڵیۆزی ئەمریکا پەیوەندی بە بارەگای سەرۆکایەتی عێراقەوە کرد و داوای کرد پەیامێک بگەیەنێت، بەو پێیەی دۆسێیەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لای من بوو، پەیوەندییەکەیان بۆ گواستمەوە. (خزەیری) وتی پەیامێکم لە سەرۆکایەتی ئەمریکاوە پێیە. داوام لێکرد ڕوونتر بێت. وتی پەیامەکە بۆچوونی سەرۆک (باراک ئۆباما) و پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و (ئەنجومەنی) ئاسایشی نەتەوەییە. دەمانەوێت کاندیدکردنی جەلال تاڵەبانی بکشێننەوە”.

فەخری کەریم دەڵێت: “هۆکارەکەم لێ پرسی وتی لەبەرئەوەی (مام جەلال) پیاوی ئێرانە. وتم ئەگەر کاندیدبوونەکەی نەکشێنینەوە چی دەبێت؟ وەڵامی دایەوە: دەرەنجامی خراپی دەبێت؛ یەکەم چاو بە ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان هەردوو وڵاتدا دەخشێنینەوە. دووەم: پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و هیچ بایەخێک بە دۆزی کورد نادرێت. سێیەم دۆخی ناوچەکە و عەرەبیش بەرامبەرتان ئەرێنی نابێت. چوارەم دوو ملیار دۆلارەکەی کۆنگرێس بۆ سوپای عێراق رادەگیرێت”.

فەخری کەریم ئەوە دەخاتەڕوو کە بەم شێوەیە وەڵامی ڕاوێژکارەکەی باڵیۆزی ئەمریکای داوەتەوە: “هەر ئێستا وەڵامت دەدەمەوە و ئەم پەیامە بۆ سەرۆکە (باراک ئۆباما). وتم: وەڵامەکەم لە سەرۆک (تاڵەبانی) و سەرۆکی برام، مەسعود بارزانی و هەروەها برام نوری مالیکییەوەیە. یەکەم: بتانەوێت و نەتانەوێت تاڵەبانی دەبێتەوە بە سەرۆک. دووەم: ئەوە ئێوەن بەدوای ڕێککەوتنە ئەمنییەکەوەن و مافی خۆتانە دەستبەرداری بن…. سەبارەت بە کوردستان و پاراستنیشی، ئێمە لەسەردەمی هێنری کیسنجەردا نین. ئێمە لەسەردەمی دەستوورێکی عێراقیداین کە هەرێمی کوردستان بەشێکی عێراقە و پاراستنیشی تێدا هاتووە. لەو قەوارە سیاسییەشدا سەرۆکێکی شەرعی و حکومەت هەیە و ئێوەش ئازادن لە هەڵوێستی خۆتان”.

فەخری کەریم لە درێژی چاوپێکەوتنەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە دواتر باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا پەیوەندی بە مام جەلالەوە کردووە و لە سەرەتادا ستایشی کردووە و پێی وتووە: “ئێمە وەک جۆرج واشنتۆن (سەرۆکی دامەزرێنەری ئەمریکا)ی ناوچەکە لێت دەڕوانین و متمانەی تەواومان هەیە کە پێگەیەکی گەورەت دەبێت، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە ناوچەیەکی فراوانتر کە شیاوی پێگەی ئێوە بێت”.

ڕوونیشیکردەوە کە ئۆباما ئاماژەیداوە بەوەی دەیانەوێت لە ڕێی پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە عەلاوی، کێشەی سەرۆکایەتییەکان چارەسەر بکەن.

فەخری کەریم دەڵێت، مام جەلال لە وەڵامدا بە ئۆبامای وتووە: “من خۆم کاندید نەکردووە، بەڵکو گەلی کورد و سەردایەتی کورد، بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی شیعە و هەندێک لایەنی سوننە کانیدی کردووم… دەتەوێت بکشێمەوە، بەڵام تێگەیشتووم لەوەی کاندیدی داهاتوو لە لیستی عێراقییە دەبێت و ئەویش کەسێکی شیعەیە. دیمەنی سیاسییەکە چۆن دەخوێننەوە کاتێک سەرۆک وەزیران شیعە و سەرۆک کۆماریش هەر شیعە بێت و دەتانەوێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بدەن بە کورد؟ ئەی پێکهاتەی سوننە بۆ کوێ بچێت؟”.

فەخری کەریم ئاشکرای دەکات کە لەوکاتەدا ئۆباما ڕایگەیاندووە : “سوپاس بۆ ئەو تێبینییە و پێدەچێت ئەم بابەتە بە تەلەفۆن چارەسەر نەبێت”.
#ئەمریکا
#عێراق