بیروڕا

بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستان

13/04/2024
دەنگوباس

عارف ڕوشدی

 سەرەڕای هەوڵێکی زۆری فرە لایەن لە پێناوی بێ هێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، هەر لە هەڵگیرساندنی شەڕی نەگریسی ناوخۆییەوە (١٩٩٤-١٩٩٨) تا بەرپاکردنی شەڕی بڕینی بودجە و قوتی خەڵکی کوردستان (٢٠١٤-٢٠٢٤)، بکەرانی نەیاری نێوخۆیی و دەرەکی وەکو پیلان و پلان، نەیاتوانیەوە و ناتوانن بە خواستە نادەستوورییەکەیان بگەن. چونکە ئەم هەرێمە، خەرمانی خەباتی گەلێکە، لەژێرچەتری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدایە، دانپێنانی دەستووری هەیە، ڕێبەرایەتییەکی دوور لە سازشی نەرێنی هەیە.
ڕاستە کەموکوڕی هەیە و ناحەزان تا پێیان کرابێت و پێیان بکرێت، لە هەوڵی ڕێگریدا دەبن لە چارەسەرکردنی گرفتەکاندا بە تایبەتی لە بواری چاکسازییەکاندا، بەڵام لە کوتاییدا ڕاستییەکان باڵادەست دەبن و بڕیاری پاراوی گەل سەردەکەوێت. هەرێمی کوردستان دوور لە خۆ ڕادەستکردن و ملدان بۆ خواستی ملهوڕی، لە پارێزگاری خودا و گەلەکەماندا دەبێت.
لێرەدا و لەو ئاراستەیەدا، وڵاتپارێزان و دۆستانی گەلەکەمان، بە چاوێکی ڕێز و پێزانینەوە هەڵوێستی حەقخوازانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز دەنێرخێنن، هەروەها خوڕاگری هێژا سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی و تیمە هاوکارەکەی لە چوارچێوەی بەرخودانێکی بەرپرسانەی ناوازە و بەرجەستەکراودایە، بۆیە لە کۆتاییدا لە ململانێی پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا، هەرێمی کوردستان براوە دەبێت .