راپۆرت و چاوپێکەوتن

ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنی: خەڵکی کوردستان متمانەیان بە بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان نەماوە

27/07/2024

دەنگوباس
ڕۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوەکردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی هەڵبژاردن لە شەقامی کوردیی ئامادەیی نییە، ئەویش بەهۆی نەمانی متمانەی خەڵکی کوردستان بە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەو دوو حزبە بە ململانێکانی نێوانیانەوە، خەڵکی کوردستان متمانەی بە بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان نەماوە، کە ئێستا ئەو دوو حزبە بەڕێوەدەبەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو دوو حزبە هێندەی سەرقاڵی ململانێی پۆست و دەستکەوتەکانن، هێندە داخوازی شەقامیان بۆ گرنگ نییە، هاوکات نمونەی خراپیی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی وەك کارەبا و ئاو لە هەرێمی کوردستان هێندراوەتەوە.

دامەزراندنی کەسانی حزبی و نزیك لەو دوو بنەماڵەیە، لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باسکراوە و ئاماژە بەوەدراوە، هەردوو حزبەکە کەسانی نزیك لە خۆیان لە پێگە ئاساییەکان یاخود پێگە هەستیارە حکومییەکان دادەمەزرێنن، بە ئامانجی ئەوەی دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردندا زیاد بکەن، هاوکات پارە وەك چەکێکی کاریگەر بۆ ململانێی یەکتر بەکاردەهێنن.

لەکارکەوتنی پەرلەمان و هەڵنەبژاردنی پەرلەمانێکی کارا، ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم هەرێمی کوردستانە، کە وەك ڕۆژنامەی عەرەب دەڵێت، وێنەیەکی دروستکردووە وەك ئەوەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەسەروو هەموو دامەزراوەیەکی دەستوورییەوە بن.

بڕیارە ڕۆژی 20-10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە وادەی یاسایی خۆی دواکەوت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆی لیستەكانی كاندیدی هاوپەیمانێتیەكان و حزب و كاندیدە تاكە كەسیەكان و نوێنەری پێكهاتەكانی بەشدار هەڵبژاردنەكان لە هەولێر، گەیشتووەتە (121) لیست.

هاوکات (2) هاوپەیمانێتی و (13)حزب و (19) كاندیدی مەسیحی و (14) كاندیدی توركمان و (84) كاندیدی تاكە كەسی لەخۆ دەگرێت.
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#پارتی دیموکراتی کوردستان