رۆژهەڵاتی ناوەراست

نوری مالکی و حەلبووسی لەسەر دورخستنەوەی سودانی ڕێکەوتون

23/11/2024

دەنگوباس
مالیكی و حەلبوسی رێككەوتون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق و سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ئەو ئەركە داناوە. ئەوەش بەگوێرەی ڕۆژنامەی عەرەب جەدید.


ڕۆژنامەکە دەشڵێت، مالکی و حەلبووسی یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكەنەوەو كاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دیاری دەكەن، لەوبارەیەوە سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق ئاشكرای دەكەن: هەندێك لایەن لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراقە، فشار دەكەن بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی (2025)، هاوشانی دەستپێكردنی جموجۆڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

وەك ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هێزە پشتیوانەكانی كراوە، كە دیارترینیان نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبە تەقدومە، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە لە عێراق بە زووترین كات و، چاوەڕێنەكردن تا كۆتایی ساڵی داهاتوو. 

هاوكات پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیاندووە: نوری مالكی پاڵنەری سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردوشدا هەموو هەوڵەكانی نێوەندگیری رەتكردووەتەوە، بەهۆی سكانداڵی "تۆڕی سیخوڕی" كە فەرمانبەرانی نوسینگەكەی سودانی تێوەگلاون و گوێیان لە تەلەفونی بەرپرسان گرتووە، لەنێویاندا مالكی و ئەندامانی خێزانەكەی.