کوردستان

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق "جدی و گەورەیە"

22/11/2024

دەنگوباس
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق "جیدی و گەورەیە" و دەڵێت، حکومەت لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی غەززە و لوبنان بۆ وڵاتەکەی.

دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل رایگەیاند، لە نامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش کردووە، "گوشار" بخاتە سەر عێراق بۆئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بووەستێنێت، کە وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، دەیان هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.

لەو بارەیەوە رۆژی هەینی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دهۆک، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، جگە لەو نامەیە، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر."

فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."