دەنگوباس
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئامادەکارییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کردووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە لیژنەی بودجە و پلانی پەرلەمانی تورکیا دا کە تاوتوێی بودجەی ساڵی 2025ـی وەزارەتی دەرەوە کرا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە باسی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کرد و وتی: "هەواڵێکی خۆش هەیە. بە تایبەت لەبارەی کردنەوەی هێڵی بۆرییەکە چاوەڕێی پێشهاتێکی باش دەکەین. ئامادەکارییەکانمان کردوون بۆ ئەوەی پەنا بەخودا هێڵی بۆرییەکە بکرێتەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، فیدان وتی: "پەیوەندییەکانمان زۆر باشن. هەوڵدەدەین کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکەین." گوتیشی: "ئێمە تاکە پارێزەری کوردانی رۆژهەڵاتی و باشووری وڵاتەکەمانین. ئەمە مێژووە و ناتوانین بیگۆڕین."