رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئەمریکا هێزەکانی لەعێراقەوە بۆ سووریا دەگوازێتەوە

21/11/2024

ده‌نگوباس:

هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەستیان بەگواستنەوەی هێزەی سەربازی كردووە بۆ سووریاو ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان‌و پردێکی ئاسمانی بۆ ئەو مەبەستە لەنێوان هەردوو وڵاتدا كردووەتەوە.


ئاژانسی سپۆتینگی ڕووسی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویکردەوە، ویلایەتەیەکگرتووەکان هێزی سەربازیی نوێی لەبنکەکانی عێراقەوە ڕەوانەی بنکەکانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، پردێکی ئاسمانی لەبنکەکانی لەعێراقەوە بۆ بنکەکانی دیکەی لەسووریا دروستكردووە کە دەکەوێتە دەوروبەرو ناوەوەی کێڵگە نەوتی‌و گازییەکان لەڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئاژانسەکە باسی لەوەشكردووە، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەمریکی لەبنکەی "ماڵی وەزیری پێشوی ئاودێری" نیشتووەتەوە، نزیک بەنداوی حەسەکە لەدووری 20 کیلۆمەتر لەباکووری ڕۆژئاوای شارەكە، كە پێداویستی سەربازیی‌و لۆجستی پێبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکەی ئەمریکا هاوکات بووە لەگەڵ مەشقی سەربازیی گەورە کە هێزەکانی ئەمریکا لەبنکەكەكانی ناوچەكە ئەنجامیانداوە، کە بریتیبوون لەبەکارهێنانی تۆپخانە، فڕۆکەی سەربازیی‌و چەکی دژە فڕۆکە، هەروەها ئاگاداریی ئەمنی لەدەوروبەری بنکەکە بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتەهۆی حاڵەتی ترس‌و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییانی مەدەنیدا.

بەگوێرەی ئاژانسەكە، سوپای ئەمریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەکات، بەردەوامە لەناردنی هێزی سەربازیی بۆ باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی وشکانی‌و  ئاسمانییەوە بۆ بەهێزکردنی بنکەکانی لەناوچەکە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر ئەو بنکانە.


#عێراق