کوردستان

قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی کەی دەستپێدەکات؟

20/11/2024

ده‌نگوباس:

بەرپرسێكی فەرمانگەی ئامار ئاشكرایده‌كات، قۆناغی سێیەمی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق ماوه‌و بڕیاروایه‌ 26ى ئه‌م مانگه‌ ده‌ستپێبكات، ده‌شڵێت:"26ى ئه‌م مانگه‌ تاوه‌كو 10ى مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت‌و پرسیارەكانیش وردتر دەبن لەلایەن بژمێرەكانەوە".


فەرهاد جەلال بەڕێوەبەر لەفەرمانگەی ئامارى هه‌رێم ئاشكرایكرد، لەڕۆژانی 17و 18و 19ی ئەم مانگە قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەڕێوەچوو كە بریتیبوو لەپڕكردنەوەی فۆڕمی خێزان.

وتیشى:"ئەمڕۆ چوارشەممەو سبەینێ پێنجشەممەش قۆناغی دووەم‌و دڵنیایی سەرژمێریی گشتیی دانشتووان ئەنجامدەدرێت، بۆ نموونە ئەگەر خێزانێك لەڕۆژانی پڕكردنەوەی فۆڕمی خێزان ناوی نەنووسرابێت یاخود لەبیركرابێت لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا دووبارە تۆماردەكرێتەوە، هەروەها لەلایەن بژمێرەكانەوە هەندێك پرسیاری دیكە لەهاووڵاتییان دەكرێن‌و تۆماردەكرێن".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی، لەڕۆژانی دواتر بەڕێوەدەچێت‌و بەدروستی لەڕۆژی 26 مانگ دەستپێدەكات‌و تاوه‌كو ڕۆژی 10ی مانگی 12 بەردەوامدەبێت.

ئه‌وه‌شى وت:"لەقۆناغی سێیەمی سەرژمێریدا، زانیاریی وردتر دەربارەی خێزان‌و کەسەكان‌و هەروەها کەلوپەلەكانی ناوماڵ لەلایەن بژمێرەكانه‌وه‌ کۆدەکرێنەوەو تۆماردەكرێن".


#باشووری کوردستان