کوردستان

فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

20/11/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌مشه‌و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لێدوانێكى نوێى له‌باره‌ى گه‌شته‌كانى نێو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوامن‌و پرۆسەی سەرژمێریی کاریگەریی لەسەر وەستانی گەشتەکان نابێت".


ئەحمەد ھۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووه‌، "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کراوەیەو ھیچ گرفتێک نییە بۆ گەشتە ئاسمانییەکان".

جه‌ختى له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، "گەشتەکان بەردەوامن‌و پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لەعێراق‌و ھەرێم، ھیچ کاریگەریی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر نەبووە".

ئه‌وه‌شى وتووه‌، "ڕۆژانە گەشتی ئاسمانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەردەوامن، تەنانەت گەشتەکان کەمیشی نەکردووە، ئێستا ڕۆژانە لەفڕۆکەخانەی ھەولێر 76 گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامدەدرێت، قەدەغەی ھاتووچۆش بۆ پرۆسەی سەرژمێریی، فڕۆکەخانەکان ناگرێتەوەو گه‌شته‌كان ڕانەگیراون".

ئه‌مڕۆ له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق به‌هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، پرۆسه‌ى سه‌رژمێریى گشتیى دانیشتوان ده‌ستى پێكردو بۆ ماوه‌ى دوو ڕۆژیش قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ ڕاگه‌یه‌نراوه‌، ده‌روازه‌ سنووریه‌كان به‌ڕووى جوڵه‌ى بازرگانیدا كراوه‌ن، به‌ڵام هیچ هاووڵاتییه‌كى هه‌رێم تاوه‌كو ڕۆژى هه‌یینى ڕێگه‌ى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى پێنادرێت.


#هەولێر