دەنگوباس
وەزارەتى دارایى و ئابووریی هەرێمى کوردستان رێنمایى بۆ لێخۆشبوونى 20%ـی بۆ سوودمەندبووانى قەرزى بچووک دەرکرد.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەرى قەرزى بچوک لە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند، "لەسەر داواکاریى سوودمەندانى قەرزى بچووک، هەروەها راپۆرتى هەڵسەنگاندنى بەدواداچوونى پشتیوانى لاوان، لە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاردرا سوودمەندانی قەرزی بچووک بە رێژەی 20% لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت".
هەروەها وتیشى"پاش بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایى راسپێردرا بۆ ئەوەى رێنمایى بۆ دەربکات، کە لە 19ى تشرینى دووەم بە واژۆى وەزیرى دارایى رێنماییەکە دەرکرا، کە بڕیاری لێخۆشبوون بە رێژەى لەسەدا 20% بۆ قەرزى بچووک دراوە، هەروەها دانەوەى قەرزەکە لە ماوەى شەش مانگ یان بەیەک گوژمە، یان بە شەش گوژمەى یەکسان بگەڕێندرێتەوە.
بەڕێوەبەرى قەرزى بچووک لە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەوەى خستەڕوو، هەشت هەزار و 136 كەس لە پێدانی قەرزی بچووك لە كوردستان سوودمەند بوون، لە یەک ملیۆن تاکو 15 ملیۆن دینار قەرزیان لە حكومەتى هەرێمى کوردستان بۆ كردنەوەی پڕۆژەی بچووك وەرگرتووە.