کوردستان

به‌نووسراوێك سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌دا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

19/11/2024

ده‌نگوباس:

ده‌نگى ئه‌مریكا نووسراوێكى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ئاشكراكردووه‌ كه‌ سەنگەر گواستنەوەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغە کردووە، نوسراوەکە وێڕای ئەوەی دیاردەکە بە "قێزەون" ناودەبات، سزای یاسایی ئەوکەسانەش دەدات کە سەنگەر لەنێوان یەکەکانی بەیەکێتی و پارتی دەگوازنەوە.


نوسراوەکەی وەزیری پێشمەرگە کە لە ڕۆژی 12ی مانگی 11 دەرچووە، باس لەوەدەکات لە پێناو دروستکردنی هێزی "یەکگرتووی کوردستان" ئەم بریارەی داوە.

لەناوەرۆکی بڕیارەکەدا هاتووە،" لەپێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی "یەکگرتووی کوردستان" بڕیارماندا بەقەدەغەکردنی سەنگەرگواستنەوە لەناو هێزی پێسمەرگەی کوردستان بەفەرمانی وەزاریمان ژمارە 16085."

هەروەها دەشڵێت،" بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناشرین و نا نیشتیمانییە لە چەند یەکەیەکی دیاری کراودا ، ئاگاداری تەواوی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی دەکەینەوە کە هەر حاڵەتێک لەم شێوەیە ڕووبدات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە."

دەرکردنی ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان. بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.

هاوکات بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.

ئاستەنگیەکانی بەردەم یەکگرتنەوەکەش بۆ کێشەکانی نێوان هێزەکانی 70ی یەکێتی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دەگێڕنەوە.


#پێشمەرگە