کوردستان

گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ كه‌ركووك توركمانى ترساندو داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌كات

19/11/2024

ده‌نگوباس:

دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌هاووڵاتیانى كورد له‌شاره‌كانى هه‌ولێرو سلێمانى‌و ناوچه‌ جیاجیاكانى دیكه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ركووك به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردنیان له‌پرۆسه‌ى سه‌رژمێریدا، به‌ره‌ى توركمانى ده‌نگى ناڕه‌زایی به‌رزكرده‌وه‌و نیگه‌رانیى نیشانداوه‌و ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات خروقاته‌و هه‌وڵێكه‌ بۆ گۆڕینى واقیعى دانیشتووان".


به‌ره‌ى توركمانى ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"ئه‌مه‌ى ڕووده‌دات خروقاتەو لەسەرژمێریدا دەکرێت لەکەرکووک، چونكه‌ خه‌ڵكێكى زۆر هاتووه‌ته‌ كه‌ركووك به‌بێ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ڕه‌سه‌نى شاره‌كه‌ بن".

به‌ره‌ى توركمانى نیگه‌رانه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ كه‌ركووك ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكێكى زۆرو بەشێوەیەکی ئاشکراو بهبەرچاوەی ڕای گشتیی‌و هێزە ئەمنیەکانەوە، مایه‌ى نیگه‌رانى ئێمه‌یه‌، بۆیە داوا لەحكوومه‌تى عێراق دەکەین لێپرسینه‌وه‌ بكه‌ن‌و ڕێگربن له‌و هه‌وڵه‌ى بۆ گۆڕینی واقیعی دانیشتوان دەدرێت لەکەرکووک، پێویسته‌ حكومه‌تى عێراق به‌رپرسیارێتى هەڵبگرێت‌و بەزووترینکات هەنگاوی جدی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەمکارە".

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى به‌ره‌ى توركمانى له‌كاتێكدایه‌، به‌شێوه‌یه‌ى به‌ربڵاو كوردانى خه‌ڵكى ڕه‌سه‌نى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شارو ناوچه‌كانى خۆیان به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ى سه‌رژمێریى‌و له‌چه‌ندین گرته‌ى ڤیدیۆییشدا كه‌ بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رباریى ڕه‌خنه‌كانیان له‌پارتى‌و یه‌كێتیى، جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌ن هه‌ستى نیشتمانى‌و كوردانه‌یانه‌و هیچ دڵسۆزییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌و دوو حزبه‌ى ده‌سه‌ڵات.


#کەرکووک