راپۆرت و چاوپێکەوتن

لە مزگەوتێکی سلێمانی هێشتا کەشی ڕەمەزانە و دووشەممان و پێنجشەممان بەڕۆژوو دەبن

18/11/2024

دەنگوباس
لە مزگەوتێکی شاری سلێمانی هەموو ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەممانێک خوانی بەربانگ بۆ ڕۆژووەوانان ئامادە دەکرێت.


بەربانگ کردنەوەی بە کۆمەڵی لە مزگەوتی ڕەقیب لە شاری سلێمانی بووەتە نەریتێکی بەردەوامی ژمارەیەک لە نوێژخوێنانی مزگەوتەکە.

بەهۆی ئەوەی مامۆستای مزگەوتەکە هانی نوێژخوێنان دەدات بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەم سووننەتە گەورەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی دەست بە زیندوو ڕاگرتنی ئەم سووننەتە دەکەن لە زیادبووندایە.

ڕۆژووەوانان هەموو ڕۆژانێکی دووشەممە و پێنجشەممان وەک ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان هەموو لە دەوری یەک سفرە کۆدەبنەوە و بەربانگ دەکەنەوە.

وەک ڕێکخەرانی خوانەکە باسی دەکەن، بیرۆکەی ئەم نەریتەیان لە شاری مەدینەوە هێناوە کە کاتێک بۆ عومرە سەردانی شارەکەیان کردووە دەبینن هەموو ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەممانێک خوان بۆ ڕۆژووەوانان ئامادە دەکرێت.

ئەحمەد حەمەشەریف ڕەئووف (٤٠ ساڵ) کە دانیشتووی گەڕەکی شارەوانی شاری سلێمانییە و پیشەی کاسبە، یەکێکە لە ڕێکخەرانی ئەو سفرە و خوانە، ئاماژەی بەوە کرد پێش ڕێکخستنی ئەم جۆرە بەربانگ کردنەوە بەکۆمەڵە ئەوانەی بەڕۆژووو دەبوون ژمارەیەکی کەم بوون و لە کاتی بەربانگدا هەر یەکەو لەلایەک دادەنیشت و بە خورما و ئاو بەربانگیان دەکردەوە.

ئەحمەد حەمەشەریف ڕەئووف ڕایگەیاند: “ئەسڵی ئەم بیرۆکەیە هی شاری مەدینە بوو، کە ئێمە دەچووین بۆ عومرە ئەم سفرە و خوانە هەبوو، قاوە و خورما و سەموون و خواردن ئامادە دەکرا. ئێمە چەند کەسێک بووین دانیشتبووین، من و مامۆستا عەدنان و ئەوا یەک دوو کەسی ئەهلی مزگەوتەکە، وردە وردە مامۆستا عەدنان خەڵکی مزگەوتەکەی هاندەدا بۆ گرتنی ئەم ڕۆژە سووننەتانە. سوپاس بۆ خودا خەڵک بەدەمیەوە هاتن”.

وتیشی: “سەرەتا ئیشەکان خۆم دەمکرد، بەڵام ئێستا تەنیا نیم، من مەگەر بەس قاوە حازر بکەم، ئێستا سوپاس بۆ خودا پێنج شەش کەس خەریکین، واتا لە سلێمانی ئەمە تاکە شوێنە بەم شێوەیە بێت، هەموو دوو شەممە و پێنج شەممانێک ٣٠- ٤٠ کەس بەڕۆژوو دەبن، سوپاس بۆ خودا ئەم ئیشە خێرە بەردەوامە، خەڵک خۆی شت دەهێنێت، ماڵێک نیسکەکەمان بۆ ئامادە دەکات. یەکێک خورماکە دەهێنێت، یەکێک ماست و سەموون دەهێنێت”.

سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی ڕۆژووەوانانی مزگەوتەکە لە ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەمماندا، ئەحمەد حەمەشەریف باسی لە هەوڵی مامۆستای مزگەوتەکە کرد کە هانی خەڵکەکە دەدات بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەو سووننەتە گەورەیە و، وتی: “سوپا بۆ خودا مامۆستا عەدنان هانی خەڵکەکە دەدات، لە سەرەتادا خەڵک ئەوەندە بەڕۆژوو نەدەبوو، نەدەچوونە شەش کەس، ئێستا سوپاس بۆ خودا مامۆستا هانمان دەدات و باسی پاداشتی ڕۆژوو دەکات و ئێستا ژمارەی ڕۆژووەوانان دەچێتە سەرو ٣٠ کەس”.

ئەحمەد ساڵح (٥٤ ساڵ) کە پیشەی کاسبە و یەکێکە لە نوێژ خوێنانی مزگەوتەکە باسی لەوە کرد کە نزیکەی هەشت ساڵە لەو مزگەوتەدا هەموو ڕۆژانێکی دووشەممە و پێنجشەممان بەکۆمەڵی بەربانگ دەکەنەوە و وتی: “ئێمە نزیکەی حەوت بۆ هەشت ساڵە لەم مزگەوتەدا هەموو بەیەکەوە ڕۆژانی دوو شەممە و پێنج شەممان و ڕۆژە سپییەکان (١٣، ١٤ و ١٥ی هەموو مانگێکی قەمەری) سفرە و خوانێکی ئاوادان بۆ بەربانگ ئامادە دەکەین، لەگەڵ چا و قاوە و نیسکافە، هەر ٣٠ ڕۆژەکەی مانگی ڕەمەزانیش هەمان کار دەکەین. زۆر کەم مزگەوت هەیە کە ئامادەکاری لەم شێوەیە بکات، ئەمەیش بەخشیشی خودایە”.