کوردستان

ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەعرەجی‌و بافڵ تاڵەبانی جێبەجێکردنی پلانێكه‌ دژ بەحزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

17/11/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌گه‌رچى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى هیچ ورده‌كارییه‌كى باسنه‌كردبوو سه‌باره‌ت به‌كۆبوونه‌وه‌ى تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، به‌ڵام ئه‌عره‌جى ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و هه‌مووشتى ئاشكراكرد، ده‌شڵێت:"ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ جێبەجێکردنی پلانێك بووه‌ دژ بەحزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان".


ئه‌مڕۆ بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى چه‌ند وێنه‌یه‌كى خۆیى‌و قاسم ئه‌عره‌جى ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌(شۆ) یه‌ك هیچ زانیارییه‌كى تێدا ئاشكرانه‌كرابوو.

قاسم ئه‌عره‌جى پێچه‌وانه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى تاڵه‌بانى هه‌مووشتى ئاشكراكردو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵەبانی، جێبەجێکردنی پلانێك بووه‌ دژ بەحزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئه‌عره‌جى‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كانى یه‌كێتیى له‌نێو كه‌مپى حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات له‌سنوورى ناحیه‌ى سوورداش

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌، "سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌عره‌جى بۆ سلێمانى به‌گوێره‌ى ڕێنماییه‌كى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق بووه‌ بۆ بەدواداچوون سه‌باره‌ت به‌جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق‌و ئێران".

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا به‌وردى باسى ئه‌وه‌كراوه‌، كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى یه‌كێتیى به‌مه‌به‌ستى بەدواداچوون بووه‌ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق‌و ئێران له‌باره‌ى پێداچوونەوەى وردتر بەواقیعی ئەو کەمپانەى کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەرخانکرابوون بۆ حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان (حزبه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانیى) کە لەسنوورەكانه‌وه‌ گواستراونەتەوە بۆ ناوەوەی سلێمانی‌و له‌و كه‌مپانه‌دا جێگیرو نیشته‌جێكراون.


#بافڵ تاڵەبانی