چوار ڕۆژ دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن کوردەوە وتارێکم نوسی بە ناوی دەرفەتێکی نوێ و پێم وابوو ئەو پۆستە بە هەر ڕێگەیەک وەرگیرابێت لەم قۆناغەدا گرنگی مەعنەوی خۆی هەیە بۆ لایەنی دەرونی تێکشکاوی تاکی کوردی و بوژانەوەی روحی نەتەوەیی پەیوەست بوون بە خاکەوە ..وە پێم وابوو دەرفەتێکی نوێیە وا دەخوازێت سود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگیرێت و داوام لە نوخبەکانی شارەکەم کرد پشتیوانی لە پارێزگاری نوێ بکەن.
دوای مانگێک لەدەستبەکاربوونی بەڕێز پارێزگار وتارێکی ترم نوسیو داوای ئەوەم کرد باری پارێزگار قورسنەکرێت، چونکە سەردەمەکە جیاوازە لەسەردەمی مەرحوم د.نەجمەدین، ئەم پارێزگارە پابەندە بەڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پێکهاتەی تردا، بۆیە دۆخەکەی وا دەخوازێت زەمینەی سەرکەوتنی بۆ بڕەخسێنرێتو بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی لانی کەم دەرفەتی سێ مانگی پێبدرێت.
ئێستا زیاتر لەسێ مانگە بەڕێز پارێزگاری کەرکوک دەستبەکار بووە، چی تر وا پێویست دەکات لەبری دەرخستنو پیاهەڵدانو قەبەکردنی کارەکانی ڕۆژانەی وەک پارێزگار کە لەڕاستیدا جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژانەی خۆیەتی، دەخوازم لەلایەن میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانەوە ئەداو کارەکانی بەڕێزیان بخرێتە ژێر زەڕەبینەوە و قسە لە سەر کەموکورتی و هەڵەکان بکرێت و پێشنیاز و بەرچاو ڕونی گونجاوی پێ بدرێت ، لەسەر ئەویش وا پێویست دەکات بە دڵێکی فراوانەوە پێشوازی لەو ڕەخنانە بکات کە ڕوبەڕووی دەکرێنەوە و بە بابەتی کەسی وەرینەگرێت چونکە وەزیفەکەی ئەو وەزیفەیەکی گشتیە .
لە هەردوو وتاری ڕابردوم کە ئاماژەم پێ داوە ناڵێم ئامۆژگاری، بەڵکو کۆمەڵێ بەرچاو ڕونی و تێبینی برادەرانەم بۆی نوسی، دیارە لە بەر سەرقاڵ بوونی بە ئیشی ڕۆژانەوە دەرفەتی خوێندنەوەیانی نەبووە ، بۆیە پێ ناچێت سودی لێ بینیبێت .
هەرچەندە ، چی نوخبە چی کۆمەڵانی خەڵک و چی لێپرسراوی ئۆرگان وجومگە جیاوازەکان و کادرەکانی حزبەکەشی لە شارەکەدا دەیان تێبینی و ڕەخنەیان لا دروست بووە بۆڵە بۆڵی زۆری لێکەوتۆتەوە لای بەندەش هەروا ، لە بەر کۆمەڵێ ئیعتبارات تا ئێستا بێ دەنگی لێکراوە ، لەم وتارەشدا نامەوێ قسە لەسەر کارەکانی ڕۆژانەی بکەم چونکە بەشێکی زۆری کارەکان لە چوارچێوەی کۆنکریت کردن وبوژانەوەی باخچەکاندا بەرجەستە دەبن ، کە ئەوەش لە ڕاستیدا کارو ئەرکی شارەوانیە نەک پارێزگار ، هۆکارکەشی ئەوەیە بەرێوبەری فەرمانگەی شارەوانی کوردە وسەر بە حزبەکەی خۆیەتی و زیاتر لە فەرمانگەکانی تر و بەڕێوبەرەکانی تر پابەندی بڕیارەکانی پارێزگار دەبێت .
لێرەدا وەک دەستپێک دوو لێدوانی بەڕێزیان دەخەمە بەرچاو و کۆمێنتی خۆمیان لە بارەوە بۆ دەنوسم بە ئومێدی ئەوەی وەک ڕەخنەی سیاسی لێم وەربگرێت .
لە دوا ئاهەنگی هەڵبژاردنی حزبەکەی لە هەولێر چووە سەر ستەیج و بە دەنگی بەرز وتی هەولێریش وەردەگرینەوە وەک چۆن کەرکوکمان وەرگرتەوە.!
ئەگەر بەڕێزی پێی وابێت وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ بەڕێزیان وەرگرتنەوەی کەرکوکە ؟
بە دڵنیاییەوە بە هەڵەدا چووە ، چونکە ئەو ڕێککەوتنە کە کورسی پارێزگاری بۆ بەڕێزیان دەستەبەر کردوە باجەکەی گەلێ قورسە ، بە دەلیلی ئەوەی ئێستا پێکهاتەی عەرەبی لەشارەکەدا لەسەردەمی ڕاکان جبوری بەهێزترە نموونەش دەستبەرکردنی پۆستی قایمقامی هەرسێ قەزا گەورەکەی کەرکوک (حەویجە ، داقوق ، دوبز)ە جگە لە چەندین پۆستی هەستیار و گرتگی تر بۆ پێکهاتەی عەرەبی.
له یەكەمین كۆڕبەندی جیهانی TEDxArafa لەبەردەم کۆمەڵێک لاودا بەڕێز پارێزگار باسی لەوە کرد کە لەساڵی 2013 وە داڵغەی لە کورسی پارێزگاری کەرکوک داوە و ئەو پۆستە بۆتە ئامانجی !!؟.
کاتێک هەر پۆستێک دەبێتە ئامانج بۆ هەر کەسێک ئیتر ئەو کورسیە دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندی گشتی چونکە لە پێناو بە دیهێنانی هەموو ڕێگەیەک دەگیرێتە بەر و سڵ لە هیچ هەنگاوێک ناکرێتەوە وەک میکاڤیڵی دەڵێت (الغایه تبرر الوسیله) .
گرنگە مرۆڤ لە هەر شوێنێک ئەرکێکی پێ سپێردرا ،بێ کەم کورتی و بێ زیادەڕۆیی هەوڵ بدات ویژدانی خۆی ئاسوودە و ئەوەی لەسەر شانێتی جێبەجێی بکات ، دیارە پارێزگاری ئێستا حەز دەکات خزمەت بکات ، بەڵام بەپێی دۆخی ڕەخساو و هاوکێشە سەپێنراوەکان و جیۆسیاسی شارەکە و دۆخی شێواوی نێوماڵی کورد ، نەک ئەو ، هەر کوردێک ببێتە پارێزگار لە دۆخێکی وادا ناتوانێت پێی لەو بەڕەیەی بۆی راخراوە زیاتر ڕابکێشێت ..
ڕاستەبەڕێزیان ئێستا پارێزگارن، بەڵام بۆ بەڕێزیان گرنگە لەو راستیە تێبگات پارێزگارێکی شکلیە ، چونکە نە دۆخی کورد دۆخی سەردەمی مەرحوم د.نەجمەدینە و نە هێز و توانا و دەسەڵاتی حزبی بەڕێزیان ئەو هێزو توانایەی مەحەمەد حەلبوسییە کە پارێزگاری (ئەنبار) بوو .. بۆیە گرنگە باری خۆی قورستر نەکات بە شێوەیەک باجەکەی قورستر بکەوێتەوە.
شوان داودی
#کەرکووک