کوردستان

ژماره‌یه‌ك نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر سلێمانى ئاشكراده‌كه‌ن

10/11/2024

ده‌نگوباس:

ژمارەیەک نووسەرو ڕۆژنامەنووس لەڕاگەیەندراوێکدا لەکاردانەوەی دوورخستنەوەی نوێنەرانی دەم پارتی لەهەولێر نیگه‌رانییان نیشانداوه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، "تورکیا ڕێگه‌یداوه‌ به‌كاركردنى دەم پارتی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لەهەولێر ڕێگه‌ى كاركردنى نوێنه‌رایه‌تییان لێدەگیرێت".


له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌، "ئەم ڕەفتارەی ئاسایشی پارتی لەلایەکەوە جێبەجێکردنی سیاسەتی تورکیایە، لەلایەکی تریشەوە هێندەی تر دابڕانی شارەکانە لەیەکترو پێشاندانی سلێمانییە وەک ناوەندی چالاکی پارتی کرێکاران‌و هێندەی تر گەمارۆدانی‌و فشارخستنەسەری، چونکە لەمیدیای تورکیادا هەواڵەکە بەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە ئەمانە پەیوەندییان بەپارتی کرێکارانەوە هەیە، بۆیە نووسینگەکەیان داخراوەو بۆ سلێمانی دەرکراون، لەکاتێکدا ئەوان هەموویان کەسانی مەدەنیین‌و ساڵانێکە کارو خەباتی مرۆیی‌و سیاسیی‌و مەدەنی ئەنجامدەدەن".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، "ڕۆژی 4ى تشرینی دووەمی 2024 کە هاوکاتە لەگەڵ دانانی قەیوم لەشاری ماردین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئاسایشی گشتی هەولێر بانگی نوێنەرانی هەدەپە (دەم پارتی)و دەستەی بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێر دەکەن کە چوار کەس بوون، دوای ئەوەی زانیارییان لێوەردەگرن‌و ماوەی دوو کاتژمێر لەناو ئاسایش گلیاندەدەنەوەو وێنەیان دەگرن، پاشان دووان له‌وكه‌سانه‌ بەتاکسی‌و لەژێر چاودێریی هێزێکی ئەمنییەوە بەرەو سماقوڵی‌و دووانه‌كه‌ى دیكه‌ش بەرەو دێگەڵە دەگوێزنەوەو لەهەولێر دەریاندەکەن".

ئه‌وه‌ش ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "له‌گه‌ڵ ده‌ركردنیان، هۆشداریى ئه‌وه‌شیان پێداون کە بۆیان نییە بۆ هەولێر بگەڕێنەوە، ئەمە لەکاتێکدایه‌ کە ئەم حزبە لەتورکیا حزبێکی ڕێگه‌پێدراوەو ئۆفیسی هەیەو چالاکی دەکات، ئۆفیسەکەی هەرێمیشیان نوێنەرایەتی فەرمی پارتێکی یاسایین‌و ئەندامەکانیشیان لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووکاندان‌و پەنابەری سیاسین‌و هیچ تاوان‌و هەڵەیەکیان نەکردووە".

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، "ئەم ڕێوشوێنە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی یەک هەرێم‌و یەک حکومەتی دەکرد، بەڵام ئەم ڕەفتارانە پێچەوانەی ئەو لێدوانەیەو سەلماندنی دوو ئیدارەیی‌و تۆخکردنەوەی سنووری دێگەڵەیە، جگە لەوەش بۆ دەبێت، کوردستان لانەی دەزگای فەرمی‌و سیخوڕییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ‌و بنکەو بارەگا ئاشکراو نهێنییەکانیان بێت، بەڵام جێگه‌ی تێکۆشەرانی مەدەنی پارچەکانی تری تێدا نەبێتەوه کە یاساو دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم ئەو مافەی پێداون".

له‌كۆتاییشدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، "ئێمە لەکاتێکدا بەتوندی دژی ئەمجۆرە ڕەفتارەو هاوشێوەکانیان دەوەستینەوە لەهەر شوێنێکی هەرێم بێت، هاوکات ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان‌و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە فشار بخەنەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەهەولێرو سلێمانی ڕێگەی چالاکی سیاسی ئازادیخوازانی باکوورو ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوا بدرێت‌و ژیان‌و سەلامەتییان پارێزراو بێت‌و پیلانیان لەدژنەگێڕدرێت".


#سلێمانی