رۆژهەڵاتی ناوەراست

ورده‌كاریى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى عێراق‌و ئێران ئاشكراده‌كرێت

10/11/2024

ده‌نگوباس:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شاندێكى باڵاى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تى ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كه‌ وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمیش ئه‌ندام بوو تێیدا، گه‌یشته‌ تاران‌و كۆبوونه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئه‌نجامدا، زانراوه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران جه‌ختى له‌سه‌ر پاراستنى سنووره‌كان به‌هاوبه‌شى‌و به‌گوێره‌ى ڕێكه‌وتنى نێوان تاران‌و به‌غدا كردووه‌ته‌وه‌.


ئەمڕۆ یەکشەممە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى كرد به‌ره‌و تارانى پایته‌ختى كۆمارى ئیسلامى ئێران، له‌و شانده‌دا ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمیش بوونى هه‌بوو.

نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، شانده‌كه‌ى عێراق له‌لایه‌ن عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازییان لێكراوه‌و لەکۆبوونەوەی نێوان ئەعرەجی‌و عێراقچی، گفتوگۆ لەباری دوایین پێشهات‌و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی‌و ناوچەکە بەتایبەتی کراوه‌.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق‌و ئێران کردووه‌و جەختیان لەبەردەوامی هاریکاریی بۆ سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لەسەر سنوور کردووه‌ته‌وه‌و گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەهەموو ئاستەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو".

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، سەردانەکەی ئەعرەجی لەچوارچێوەی بەدواداچوونه‌ بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق‌و ئێران، هاوکات گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە بووه‌و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانیش جه‌ختى له‌سه‌ر پاراستنى سنووره‌كانى نێوانیان له‌گه‌ڵ عێراق كردووه‌ته‌وه‌ به‌هاوبه‌شى هه‌ردوولا.

ئه‌م سه‌ردانه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر میدیاى ئه‌مریكى ڕایگه‌یاندبوو، به‌هه‌مانشێوه‌ى ئیسرائیل كه‌ ئاسمانى عێراقى بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر تاران به‌كارهێنا، تارانیش به‌نیازى دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌مان سیناریۆیه‌، به‌ڵام ئێران ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان هه‌وڵى دوورخستنه‌وه‌ى عێراق له‌كێشه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن‌و دووچارى جه‌نگ‌و كێشه‌ى ئاڵۆزیى ناكه‌نه‌وه‌.


#عێراق