دەنگوباس
تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی "تی بی ئای" کۆدەبنەوە، ئەویش دوای ئەوەی بانکەکە گرێبەستێکی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ پرۆژەی "هەژماری من" واژۆ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، "بە مەبەستی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی ڕێکارەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من، ئەمڕۆ هەردوو تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراق بۆ بازرگانی کۆدەبنەوە."
وتیشی: "ئەو بانکانەی پرۆژەی هەژماری من، لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانانیان پێدا نراوە، یاسایین و هیچ کێشەیان نییە."
ئەم کۆبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، بانکی "تی بی ئای" ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێکی لەگەڵ پرۆژەی "هەژماری من" واژۆ کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە گرێبەستەکە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و لەسەر بنەمای ڕاسپارەدەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیراندا واژۆکراوە سەبارەت بە پێویستیی بەشداریکردنی "تی بی ئای" لە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا.
#ئابووری