رۆژهەڵاتی ناوەراست

یه‌كه‌م گرووپى چه‌كدار دواى هه‌ڵبژاردنى تره‌مپ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

06/11/2024

ده‌نگوباس:

گرووپی چەکداریی (سید الشهدا‌ء)، دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "سەرۆکەکانی ئەمریکا هەموویان وەکو یەکن‌و بەبێ ئیسرائیل ناتوانن هەنگاوبنێن"، ده‌شڵێت:"زیادبوونی گرژییەکانیش لەگەڵ گرووپەکانی مقاوەمەو بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی بۆ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکی، بەندە بەڕەزامەندیی‌و ئاراستەی ئیسرائیل".


عەباس زوبەیدی سەرکردە لەگرووپی چەکداریی (سید الشهدا‌ء) ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌ڵبژاردنى دۆناڵد تره‌مپ به‌سه‌رۆكى ئه‌مریكا، نووسیویه‌تى:"جیاوازییەک لەنێوان سیاسەتی ترەمپ‌و بایدندا نییە، هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بریتین لەنوێنەرێکی دیبلۆماسی‌و سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەمریکاش دەیەوێت دەستبەسەر وڵات‌و گەلانی جیهاندا بگرێت‌و کۆنترۆڵیان بکات‌و دەستبەسەر تواناو سامانیاندا بگرێت".

ئەو سەرکردەیەی (سید الشهدا‌ء) جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "ڕەوەندی جوو دەتوانێت دەستبەسەر سامان‌و مێدیادا بگرێت‌و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرکەوتن و دۆڕانی هەر کاندیدێک هەیە، بۆ ئیدارەی ئەمریکا ئەستەمە بتوانێ پێچەوانەی ئاراستەی ئیسرائیل هەنگاو بنێت".

ئەو سەرکردەیەی (سید الشهدا‌ء) ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "پرسی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ گرووپەکانی مقاوەمەو بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی بۆ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکی، بەندە بەڕەزامەندیی‌و ئاراستەی ئیسرائیل".


#عێراق