دەنگوباس
نزیکەی چوار ساڵە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدای پایتەختی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکردووە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە رێز لە بڕیاری دادگا بگیرێت.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریداوە وتاری سەرکەوتنی پێشکەشکرد و خۆی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا ناساند.
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا، هەریەکە لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرانە ئامانج و کوژران. ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 07-01-2021 لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دادوەری تایبەتمەند لە دادگای لێکۆڵێنەوەی رەسافە، کە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات، وتەی سکاڵاکارانی وەرگرت، رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2021 رێکارە بەراییەکانی تەواو کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد.
لەوبارەوە محەمەد عەبدولئەمیر عەنووز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، "دادگا بڕیاری خۆی داوە، پێویستە رێڕەوی خۆی وەربگرێت و رێزی لێبگیرێت، بەتایبەتی ئەو پرسە پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ترەمپ بۆ عێراق و مامەڵەی بەرپرسانی عێراقی لەگەڵیدا، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمە پرسێکی سیاسی، دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلییە، دەکەوێتە سەر بەرپرسانی عێراقی کە تا چەند مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکەن، بەتایبەتی رێککەوتن و بەرژەوەندی و پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵات دا هەیە."
رۆژی 05-01-2021 غولامحوسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێران بە فەرمی داوای لە پۆلیسی ئینتەرپووڵ کردووە ترەمپ و ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەبووە، دەستگیر بکات."
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دوای رووداوەکە لە تۆڵەی کوشتنی سولەیمانیدا، هەڕەشەی کوشتنی لە سێ بەرپرسی ئەمریکا کرد، کە یەکێکیان دۆناڵد ترەمپ بوو.