کوردستان

به‌غدا بڕیاریدا نه‌وتى هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێته‌وه‌

05/11/2024

ده‌نگوباس:

له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، ڕەزامەندی نیشاندرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و بڕیاردرا تێچووى بەرهەمهێنانەکەشى بۆ 16 دۆلار زیادبکات، ئەوەش پاش 19 مانگ لەڕاگرتنى هەناردەى نەوتى كوردستان.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران عێراق، لەکۆبوونەوەى ئه‌مڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران، ڕەزامەندیی نیشاندراوه‌ بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "بەغداد ڕازیی بووە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەشەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیادبکات"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر کەمال محەمەد وەزیرى سامانەسروشتییەکان بەوەکالەت وتبووى، خەرجى دەرهێنانى یەک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان 23 دۆلارە.

هه‌روه‌ك حكومه‌تى عێراق جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، پێویستە نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێم ڕادەستى كۆمپانیاى نیشتمانى سۆمۆ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌هه‌نارده‌ى نه‌وت بكرێته‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانى جیهان.

ڕۆژى 25ى ئازارى 2023 هەناردەى نەوتى هەرێم بەبڕیارى دادگاى ناوبژیوانیی پاریس ڕاگیرا، کە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى لەڕێگەى بۆرى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان لەتورکیا هەناردەدەکرد.

لەماوەى ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم، چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتى نەوتى عێراق‌و وەزارەتى سامانەسروشتییەکانى حکومەتى هەرێم ئەنجامدراوە، دوایینجار لەدوو مانگى ڕابردوو شاندى وەزارەتى سامانەسروشتییەکان‌و کۆمپانیا نەوتییەکان لەبەغدا کۆبوونەوە، کە ئامادەییان پیشاندا بۆ گۆڕانکاریى لەگرێبەستە نەوتییەکان بەلەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیی کۆمپانیا نەوتییەکان.

لەسەر بنەماى سکاڵایەکى حکومەتى عێراق لەبارەی فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2018، دادگاى ناوبژیوانیی پاریس هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانى بەبێ ئاگاداریی عێراق بەنادەستوورى ناوبرد.

دادگاى ناوبژیوانیی پاریس بڕیاریدابوو بەبڕى یەک ملیارو 470 ملیۆن دۆلار تورکیا قەرەبووى داراییی حکومەتى عێراق بکاتەوە، کە لەو وڵاتەوە نەوتى هەرێمى کوردستان دەچووە بەندەرى جەیهان‌و لەوێوە بۆ بازاڕەکانى جیهان، بەڵام هێشتا تورکیا ئامادەنییە بڕى ئەو قەرەبووە داراییە بداتە بەغدا.

هاوکات، زیانە داراییەکانى ڕاگرتنى نەوتى هەرێم، مانگانە بەیەک ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام کۆمەڵەى پیشەسازیی نەوتى کوردستان"ئەپیکۆر"، زیانە داراییەکانى بە 22 ملیارو 800 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی هەمواركردنەوەی مادەی دووی لەیاسای بودجە پەسەندكرد كە بریتییە لە:

1. وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبێت بەقەرەبووكردنەوەی حكوومەتی هەرێم لەخەرجییە "سیادییەكان" بۆ تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت، بەرامبەر ئەو نەوتەی كە لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت و لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانی "سۆمۆ" و وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، پێویستە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەكانی هەرێم بگەنە رێككەوتنێك.

2. پێویستە لایەنێكی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی بەنزیكەیی بڕی تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی نەوت‌و دارایی عێراق دیاریبكات‌و حكوومەتی هەرێمیش پابەندبێت پێیەوە.

3. دەبێت دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراو لەلایەن هەرێمەوە بدرێت بەكۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ" یا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەیشی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەك پێشەنكی بۆ هەر بەرمیلێك بە 16 دۆلار دەخەمڵێندرێت دەدرێتەوە بەهەرێم‌و دوای تەواوبوونی لایەنی ڕاوێژكاری نێودەوڵەتیش بڕی ئەم پارە گۆڕانكاریی بەسەردادێت.
#نەوت