هۆشیار عەبدوڵڵا
بەشداری نەکردن لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا، هەڵوێستێکی ئازایانە، رەنگە توندترین جوڵە بێت بۆ رەتکردنەوەی ساختەکارییە بەربڵاوەکەی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، بەڵام ئایا راستترین بژاردەیە؟
بە دیدی من نەخێر!
پێویستە کۆمەڵی دادگەری بە وردی بەو بریارەیدا بچێتەوە!
بۆچی؟
1. ئەو هەڵوێستە مانادار و کاریگەرتر دەبوو ئەگەر هەڵوێستێکی دەستەجەمعی و پێکەوەیی بوایە، لانیکەم « یەکگرتوو، هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی گەل و گۆڕان» هەموویان پێکەوە هەڵبژاردنی دیزانکراویان رەتبکردایەتەوە! بەڵام وەک رۆژی رووناک دیارە جگە لە کۆمەڵی دادگەری هیچ لایەکیان ئامادە نین لە پەرلەمان بکشێنەوە و دەبێتە هەڵوێستی کۆمەڵ بە تەنێ، لێرەوە ئەکید ئەو سەنگە سیاسییەی نابێت کە پەرلەمان و پرۆسەکە بە گشتی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
2. سوننەکانی عێراق ئێستاشی لەگەڵدا بێت باجی ئەوە دەدەن کە ٢٠٠٥ بایکۆتی پرۆسەی سیاسیان کرد، لە ساڵانی رابردودا ئەو کاتەی لە پەرلەمانی عێراق بووم کەسایەتییە سیاسییەکانی سوننە هێندە قوڵ باسی ئەو هەڵەیەیان دەکرد کە ئامادە نەبوون بۆ دانیشتنێکی بچوک و ئاسایی لیژنەیەکی پەرلەمانی بایکۆت بکەن، ئەکشانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی کەم بەڵام هەرگیز بایکۆتی یەکجاریان نەدەکرد، بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی دادگەری هاورێمن و ئەو راستییە باش دەزانن حەق نییە بچنە ژێر باری ئەو بریارە توند و رادیکاڵەوە.
3. پەرلەمانتارەکانی کۆمەڵی دادگەری بەگشتی کەسانی لێهاتوو و نەوعین، بە سێ پەرلەمانتار دەتوانن هێندەی نۆ دانە و زیاتر وجودی هەبێت و سەنگی سیاسیی و پەرلەمانی خۆیان لەناو دانیشتن و لیژنەکانی پەرلەماندا بسەلمێنن.
4. ترسم هەیە لەوەی ئەم بایکۆتە وا بکا کۆمەڵی دادگەری هەموو هەڵە و کەموکوڕییە سیاسیی و رێکخراوەییەکانی بە مەسەلەی ساختەکاری ( کە بە ئەکیدی ساختەکاریان لێکراوە) پاساو بدا و کۆڵ بدا لەوەی کە بەخۆداچونەوەی ریشەیی قوڵ بکا و هەڵە و کەموکورییەکانی ئازایانە دیاری بکا.
5. رۆیشتنی ئەو سێ کورسییە بۆ دەسەڵات، دەبێ جێگای هەڵوەستەی جدی بێت و نابێ بە کەم بگیرێ، ئەمە بەرپرسیارێتییە لە زۆر ئاستدا و پێویستە کۆمەڵی دادگەری بە هەندی وەربگرێ، خەڵک دەنگی داوە بە کۆمەڵ، کۆمەڵ ئازاد نییە بیان بەخشێت، لانیکەم بۆ بڕیارێکی لەو جۆرە دەبێ راپرسییەک لەنێو ئەندامانی خۆیاندا بکەن و بریارەکە هیی ئاستی سەرێ و خوارێ بێت، واتا هەم سەرکردایەتی و هەم بنکەی جەماوەری، ئەوەی ئێستا بریارێکی سەرکردایەتییە بێ پرس کردن بە لایەنگر و دەنگدەرانی کۆمەڵ.
6. پێم وایە هاتنە دەرەوە بە تەواوەتی لە بازنەی ئەو سیستمەی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ حزبەکانی هەرێمیان رەنگ رێژکردوە کارێکی ئێجگار گەورە و گرنگە، پێم وایە حزبەکانی دەرەوەی ئەو سیستمە تەنها ئەو کاتە دەتوانن ببنە بکەری سەرەکی کە رێسای ئەو گەمەیە بە تەواوی رەتبکەنەوە کە پارتی و یەکێتی بە یارمەتی عێراق و ئێران و تورکیا فەڕزیان کردوە، بەڵام ئەو رەتکردنەوەیە ئاکتی دەوێ، جوڵەی دەوێ، دەبێ بتوانی ببیتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر وجود و بەرژەوەندیان، وەک ئەو مەترسییەی سەردەمی گۆڕانی نەوشیروان مستەفا پارتی و یەکێتی و عەڕابەکانی دراوسێشیان هەستیان پێکرد، ئەمە ڕەنگە ئێستا لە توانای کۆمەڵ بە تاقی تەنها بەدەر بێت، بەڵام ئەگەر ئامانجەکە ئەوە بێت کە نەفەس درێژی و ئیرادەی گەورەی گەورەکە حەتمەن لام کارێکی نەوعییە جا کاریگەرییەکە بچوک بێت یان گەورە.
بەهەرحاڵ، هەموو هەڵوێستێکی ئازایانە، لەگەڵیشیدا نەبم دەستخۆشییم بۆی هەیە، بەڵام لەوە دڵنیام وجودی سێ پەرلەمانتاری ئازای کۆمەڵی دادگەری لەناو پەرلەمان باشتر دەتوانێ دانیشتنە دیزانکراوەکان، یاسا و بریارە دیزاینکراوەکان، فراکسیۆن و پەرلەمانتارە دیزانکراوەکان فەزح بکا و دەنگیان لێوە بهێنێ!
ئەم دێڕانەی سەرەوە لە سۆنگەیەکەوە نەسراون کە سەرباری هەر جیاوازی و سەرنج و رەخنەیەک کە هەمبێت لێیان خۆم بە دۆستی کۆمەڵی دادگەری دەزانم، لە لایەکی تریشەوە نوزەیەکی کەمی نارەزایەتی و روبەروبونەوەم پێ باشترە لە بێدەنگی و دورەپەرێزی!