هێمن باقر
یەكێك لە سیناریۆكان بە بنبەستگەیشتنی رێكەوتن و دووئیدارەیی یان دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە.. ئەو نەخشە سیاسیەی لەدوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەرەوە هاتۆتە ئارا رێگەخۆشكەر نییە بۆ دروستكردنی حكومەت و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی. بەپێی دابەشبونی سیاسی دوای هەڵبژاردن نە پارتی بە 39 كورسیەوە توانای دروستكردنی حكومەتی هەیە و نە یەكێتیش بە 23 كورسیەوە لێدەگەڕێت حكومەتی زۆرینە دروست بێت.
بەواتایەكی دیكە پارتی بەخۆی و دۆستەكانییەوە تەنها توانای كۆكردنەوەی 44 كورسی هەیە،یەكێتیش بەو 25 كورسیەی خۆی و دۆستەكانی هەیەتی زۆر دورە لە دروستكردنی حكومەتی زۆرینە بەڵام بەتەواوی گونجاوە بۆ پەكخستنی حكومەت و رێگری لە دروستكردنی كابینەی حكومەت، بە دیوێكی دیكەشدا نەخشە سیاسیەكە بەجۆرێك كێشراوە هەردولا مافی ڤیتۆیان هەبێت ئەمەش وایكردووە كورسیەكانی یەكێتی كە نیوەی پارتییە قورسایی 39 كورسیەكەی پارتی هەبێت.
هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێری ئەو ترسەی پیشانی پارتیدا ئەگەر نەیەنە ژێر باری داواكاریەكانییەوە ئەوا یەكێتی دەجوڵێت بۆ كۆكردنەوەی زۆرینەی پەڕلەمانی، بافڵ تاڵەبانی ترسێكی پیشانی پارتیدا كە دەبێت چاوەڕێی ئەو سیناریۆیەش بكات یەكێتی و كۆتاكانی و نەوەی نوێ و هەڵوێست ببنە كوتلەیەكی پەڕلەمانی؟ هەرچەندە ئەم سیناریۆیەی بافڵ تاڵەبانی لەواقیعەوە دورە و مەحاڵە ئۆپۆزسیۆن كورسیەكانی خۆی لەسەر سینیەكی زیڕ پێشكەشی بافڵ تاڵەبانی بكات،تەنها لەیەك حاڵەتدا نەبێت كە بافڵ تاڵەبانی ئامادەبێت سەرۆك وەزیران بداتە شاسوار عەبدولواحید كە ئەوەش بە ئەگەرێكی تۆزێك دوور دادەنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست بەبێ یەكگرتوو كورسیەكانیان ناگاتە دروستكردنی حكومەت، بەهەمان شێوە پارتی و هاوپەیمانەكانی بەبێ یەكگرتوو كورسیەكانیان ناگاتە تەواوكردنی رێژەی یاسایی. یەكگرتووی ئیسلامی لەو نێوەندەدا كە كورسیەكانی یەكلاكەرەوەیە هەر زوو رایگەیاندووە بەژداری كابینەی داهاتووی حكومەت ناكات لەگەڵ پارتی و یەكێتی.
كەواتە دۆخەكە بەچی دەگات؟
پارتی ئامادەیە ملكەچ بكات بۆ داخوازییە زۆرەكانی یەكێتی؟
یەكێتی ئامادەیە چوار ساڵی دیكە تەحەمولی مەسروور بارزانی بكات؟
هەر بەراست بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی جارێكی دیكە دەتوانن پێكەوە هەڵبكەن و دابنیشن؟
با بەراشكاوی بیڵێین ئەگەر دانوستانی نێوان پارتی و یەكێتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بێت بەكەمتر لەمانگێك لەسەر هەمووشتێك رێكدەكەون و حكومەت دروست دەبێت.بەڵام واقیعەكە ئەوەیە ئەو دوو كارەكتەرەی ئەم پرسە یەكلایی دەكەنەوە مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانین،كە نەك ئەوەی ناتوانن یەكتر قبوڵ بكەن بگرە زۆر هەستیاریشن بەرامبەر بە یەكتریی. لەم بارهدا بەزۆر پیودانگ دۆخی هەرێمی كوردستان نزیكە لەدۆخی لوبنان كە تا یەك ساڵی رێك حكومەتیان پێ دروستنەكرا.
یەكێتی چاوی لەوەیە پارتی وەك براوەی یەكەم لە دەرگای هەموو حیزبەكان دەدات و كەس دەرگای لێ ناكاتەوە،ئەوكاتە بەناچاری دێنەوە لای خۆی و ئەویش مەرجە قورسەكانی دەخاتە بەردەستیان.لە دواكردنی سەرۆكی هەرێمەوە تا وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، پاشان پرسی نەوت و غازی هەرێم و زۆر بابەتی دیكە كە دواهەمینیان تەوتین و هەژماری منە.
بۆیە بەهەموو پێوەرێك دروستكردنی حكومەت ئاسان نابێت،لەوانەش بە نبەست بگات.ئەوكاتە دووبژاردە دێتە پێشەوە یان دوو ئیدارەیی یان دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن
#باشووری کوردستان