کوردستان

پارتى‌و یه‌كێتیى هه‌رێم ڕووبه‌ڕووى كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

01/11/2024

ده‌نگوباس:

ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم په‌رده‌ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بازگه‌كان ڕێگه‌ ناده‌ن نه‌وتى ڕه‌ش بگه‌یه‌نرێته‌ دوو وێستگه‌ى كاره‌با له‌سنوورى پارێزگاى سلێمانى‌و به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو وێستگه‌كه‌ له‌كاركه‌وتوون.


سامانه‌ سرووشتیه‌كان نووسیویه‌تى:"له‌ڕێگه‌ی بازگه‌كانه‌وه‌ ڕێگریی له‌گه‌یاندنی نه‌وتی ڕه‌ش بۆ دوو وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌تاسڵوجه‌و سلێمانی ده‌كرێت‌و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌ردوو وێستگه‌كه‌ له‌كاركه‌وتوون‌و زیانی گه‌وره‌یان به‌به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با گه‌یاندووه‌".

وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "له‌سه‌ره‌تای مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵ، ڕێگریی له‌گه‌یاندنی نه‌وتی ڕه‌ش بۆ وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی 51 مێگاوات كاره‌بای تاسڵوجه‌و وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی 29 مێگاوات كاره‌بای سلێمانی ده‌كرێت، نه‌وته‌كه‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ هه‌ردوو وێستگه‌كه‌ ده‌نێردرێت‌و كاره‌بای به‌رهه‌مهاتووه‌ ده‌چێته‌ ناو تۆڕی كاره‌بای هه‌رێم‌و به‌سه‌ر هاووڵاتییاندل دابه‌شده‌كرێت".

هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌وڵێكی زۆری بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ داوه‌، به‌ڵام وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، تائێستا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌و هه‌ردوو وێستگه‌كه‌ به‌قه‌باره‌ی 80 مێگاوات كاره‌با له‌كاركه‌وتون‌و زیانی گه‌وره‌یان به‌به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با گه‌یاندووه‌.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان داواده‌كات، "داواكارین به‌زووترینكات ڕێگه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی له‌بازگه‌كان بدرێت، تاوه‌كو ئه‌م دوو وێستگه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌".


#باشووری کوردستان