دیارە چەند ڕۆژێکە میدیا جیهانییهكان بەمیدیای کوردیشەوە زۆرتر سەرقاڵی وتە پڕ گوماناویەکەی دەوڵەت باخچەلین لەدوایین تەمەنی بیری کردووهتەوە لەتورکیا 20 ملیۆن کورد هەیەو مافیان خوراوە. دەتوانین بڵێین لەدامەزرانی کۆماری تورکیاو دوای ئیمپراتۆریهتى عوسمانی بیرى کەمالیزم لەدوای ئەتاتوركو عیسمەت ئەنەنینۆ، کەس هێندهی باخچەلی دوژمنی کورد نەبووە، بڵێی لەئاخری تەمەنی باخچەلی بەڕاستی بێ دەیەوێ کێشەی کورد بەئاشتی چارەبکاتو لەو ڕێگهیەوە بتوانێ بچێتە ناو یەکێتیی ئەوروپاوە؟
لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمو ڕووخانی عوسمانی، پهیاننامهى سیڤەر، ئەتاتورک ڕێک وەک ئێستای باخچەلی حەسەن خەیری بەجلی کوردی بردە پەرلەمانو لەوێ بەڵێنی ئاشتیداو وتی: کورد دەوڵەتمان ناوێ لەگەڵ تورکی برا دەژین، ئهوهبوو بەمەرگی خۆی کۆتاییهات، لەناو کورد تائێستاش کە باسی خیانەت دەکرێ، نمونەی حەسەن خهیری دێتەوە.
باخچەلی دەیەوێ لەم بارودۆخەی کە سنوورەکە چاوەڕوانی جەنگێکی گەورەیە، ئەگەر هەیە جارێکی تر بەجۆرێکی تر پهیاننامهى سیڤەر زیندوو بکرێتەوە، نەوهکانی ئەتاتورک دەیانەوێ هەمان پیلان بگێڕن، ئەگەر تورکیا ڕاستەکەن با هێزی سەربازییان لەسنووری زاخۆو عهفرینو ئەو جێگایانەی داگیریان کردووە بکێشنەوەو بۆردوومانەکانیان بوەستێنن، ڕاستەوخۆ دەست بەگفتوگۆ بکەن، نەک بڵێ کە بەتەمان دەستوور هەمواربکەنەوە مافی کورد بەدەستوور بسەلمێنن.
ئەو کات دەکرێ لەسەر مافەکان دانووستان بکرێ ئەوان ئێستا دەیانەوێ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بەرنە پەڕلەمانو بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەکەکەی پێبدەن، بۆ ئەوەی حەسەن خەیرییهكى تر دروستبکەن.
من پێموایە ماف دەسەنرێ نادرێ، کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان ئەگەر هێزی نەبێ قووتی دەدەن، نموونەی عێراق هەندێک مافی لەدەستوور چەسپاندوە، بەڵام ئامادەی جێبەجێکردنی نین، لەوەتهی حکومەتی عهرەبی عێراقی دامەزاراوە، بەقەد ئەم حکومەتەی کورد سەرۆک کۆمارە تەعریب نەکراوە، دەستوور ئەگەر بۆ نووسینە بۆ جێبەجێکردن نییە نەبێ باشترە.
سەرهەد تۆفیق مەعروف
#تورکیا